دیمەنێکی سلێمانی لە ئاسمانی شارەکەوە _ وێنە: 964
شەش رۆژ دەخایەنێت
کەشناسیی سلێمانی: کەشی گەرما 5 بۆ 7 پلە دادەبەزێت
964+
ئەحمەد مستەفا
بارستە هەوایەکی ساردی سێبیری روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و پلەی گەرما “بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت”، کەشناسیی سلێمانیش پێشبینی کردووە، خێرایی با بگاتە سەروو 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
پێشبینی وایە، بە نزیکەیی پێنج بۆ حەوت، پلەی سیلیزی و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بۆ سفر پلە دابەزێت، ئەم کەشە ساردە تا رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێ.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بۆ 964 ئەوەی وت، لەبارەی کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتوو، ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە هەندێک کاتدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، لە کاتەکانی شەویشدا بارستە هەوایەکی ساردی سێبیری روو لە ناوچەکەمان دەکات و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفرێکی کەم دەبارێت، خێرایی با (10 – 20) کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.
سەبارەت بە پێشبینیی بۆ کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە 26.2.2024، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، کاریگەریی بارستەهەوایەکی سارد لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک، کە هەندێک جار دەگاتە سەروو 35 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی پێشبینی ئەوەی کرد، سبەینێ پلەی گەرما روو لە نزمبوونەوە بکات بە نزیکەیی (5-7) پلەی سیلیزی و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بۆ سفر پلە دابەزێت.