مەڕوانی پینەدۆز نیوە زیاتری تەمەنی بۆ ئەو کارە خەرج کردووە

٢٩ ساڵە پینەدۆزە

964- شۆڕش عەبدولستار – هەولێر

مەڕوانی پینەدۆز سەرقاڵی کارەکەیەتی – 964

بۆ سێ دەیە دەچێت دەست و پەنجەی لەگەڵ چەرم و دەزووداوو بزمارو بنەپێڵاودا نەرم کردووە، تەمەنی هەرزەکاری هەمووی بەم پیشەیە بەڕێکردووە.

مەروان تەمەنی ٤٣ ساڵەو ٢٩ ساڵی ئەو تەمەنەی بەپینەدۆزی بەڕێکردووە لەبەحرکەو دەوروبەری هەر بڵێی ‘مەڕوانی پینەدۆز’ هەموو خەڵک دەیناسنەوە. 

پینەدۆز بە کەسێک دەوترێت، کە بن لە پێڵاو یان نەعلە دەدات، یاخود پینەی دەکات بۆ ئەوەی چاکی بکاتەوە و عەیبەکانی بشارێتەوە.

مەڕوانی پینەدۆز بۆ میدیازانی باسکرد، “لە ساڵی 1993 دەستم بەم کارە کرد، سەرەتا پێڵاوەکانی ماڵی خۆمانم چاکدەکردەوە، دواتر بارگەم لە بن کەپرێک دانا، تاوەکو وردە وردە بوومە خاوەن دوکانی خۆم”.

مەڕوان گلەیی هەیە لەوەی وەکو جاران خەڵکی پێڵاوەکانیان چاکناکەنەوە، بەڵام رازی بوو لە گوزەرەکەی خۆی، وتی ئەو کەسانەی کە دەیناسن هێشتا سەردانی دەکەن.

بە قسەی خۆی، ئەو تاکە پینەدۆزە لە ناحیەی بەحرکە، دەڵێت هیچ دوکانێکی دیکەی پینەدۆزی تێدا نییە.

مەڕوان کاتی خۆی هەر بۆ ئەم ئیشە دەستبەرداری خوێندن بووە.