تا بەرەبەیان نوێژ و نزا دەکەن

هەموو شتێک لەبارەی شەوی بەراتی ئێزدییەکان

 964+

وریا فەتاح

شەوی بەرات، بۆنەیەکە لە شەوى 14 لەسەر 15ى مانگى شەعبان ئەنجام دەدرێت، ئەم نەریتە لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، منداڵان شەو لە ماڵان دەگەڕێن و خەڵکی چوکلێت و شیرینییان دەدەنێ، بەڵام ئایا ئەوە دەزانن کە بەرات تەنیا لەناو موسوڵماناندا نییە؟

ئێزدییەکانیش بەراتیان هەیە، بەرات لاى ئێزدییەکان یەکێکە لە بۆنە پیرۆزەکان، پێیان وایە کە خواوەند لەم رۆژەدا زەوى دروستکردووە، خالق لەو شەوە لەگەڵ فریشتەکان لە شوێنی ئێستای لالش وەستاوەو کردوویەتی بە خومرەیەک بۆ ئەوەی زەوی ببەستێت و بیکاتە خاکی وشک.

بۆیە ئێزیدیەکان لەم شەوەدا تا بەرەبەیان نوێژ و نزا دەکەن و چەندین رێوڕەسمى ئاینى ئەنجام دەدەن، کۆڕ و کردە روحانییەکانیان بە درێژایی ئەم شەو مەشخەڵەکانیان لە لالش دەدرەوشێتەوە.

ئێزدییەکان پێیان وایە ئەم شەوە، ئەو شەوەیە کە خودا لە رۆژی لافاودا، پێغەمبەر نوحی رزگار کرد، هەر بۆیە لەم شەوەدا ئاهەنگ دەگێڕن، پێی دەڵێن شەوی ئاشتەوایی و رزگارى.

لەبەر ئەوەى بیروباوەڕەکان لە ناویاندا بە جۆرێکە کە لەو شەوەدا فریشتەکان دادەبەزن بۆسەر خاکى پیرۆز و چاکە و نیعمەت بۆ بەندەکانى خودا دەهێنن، بۆیە کچان و کوڕان تا بەیانى ناخەون و بەدەم ئاگرێکەوە بە پێچەوانەى میلى کاتژمێرەوە خول دەخۆن و ئاهەنگ دەگێڕن و نزا دەکەن و گۆرانى دەڵێن و رازى دڵیان بۆ یەکترى دەگێڕنەوە.

لەم بۆنەیەدا کۆمەڵێک کچى پاکیزە کە خۆیان بۆ خزمەتى پەرستگا تەرخانکردووە، “بەرات” ئامادە دەکەن، کە لە  گڵى لالش و ئاوی پیرۆز و کەمێک شیر پێکدێت و تێکەڵى یەکترى دەکرێت و دواتر بەسەر ئامادەبووان دابەشدەکرێت و پێیان وایە ئەو خواردنە چارەسەرە بۆ هەموو ئێش و ئازارێک.

ئەگەر دوو بنەماڵە و دوو خێزان یان دوو کەس پێشتر کێشە لە نێوانیاندا روویدا بێت، ئەوا لەو شەوەدا  بەرات پێشکەشى یەکتر دەکەن و ئاشتەوایى رادەگەیەنرێت.

لەبەر ئەوەى بەرات لاى ئێزدییەکان زۆر تایبەت و پیرۆزە، بۆیە بەبێ بەشدارى نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان یادى دەکەنەوە و هەر خۆیان بەشێوەیەکى داخراو بەشدارى تێدا دەکەن.

هەر لەبەر ئەم پیرۆزییەش، هەموو ساڵێک لە رۆژێکى دیاریکراودا ئەو شەوە یاد ناکەنەوە، بۆ ئەوەی مانگەکانی ساڵ لە پیرۆزیی بەرات بێبەش نەبن، هەرساڵە و 10 رۆژ لە کاتی خۆی دەگۆڕێت و بەسەر هەر 12 مانگەکەی ساڵدا دەگەڕێت.

"لالش، پەرستگای ئێزدییەکان" خه‌ڵاتێكی دیكه‌ی پێشكه‌ش كرا

سەفەری نان و ماست بۆ پەرستگای لالش

سەفەری نان و ماست بۆ پەرستگای لالش