ئاسایش هەڵیگرتوونەتەوە
بۆ دۆمەڵان چوون تووشی 10 گوللە هاوەن بوون
964+
ئەحمەد مستەفا
هەمرین مەرزانی و خاڵۆزاکەی کە خەڵکی مەخمورن بۆ دۆمەڵانکردن دەچنە دامێنی چیایی قەرەچووغ، بەڵام چەند گوللە هاوەنی نەتەقیوویان بەرچاو دەکەوێت کە بە خاکدا رۆچوون، بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئاسایش چوونەتە ناوچەکە بۆ سۆراغکردنی.
ئەو دوو هاوڵاتییە دوێنێ هەینی 23.2.2024، سەردانی ناوچەکەیان کرد، هەر دوێنی دیمەنی ڤیدیۆیی گوللە هاوەنەکانیان گەیشتە 964، بەڵام بەهۆکاری ئاشکرانەبوونی شوێنەکە و دەستکاری نەکردنی لەلایەن خەڵکەوە و پاراستنیان، پاش هەڵگرتنەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان 964 بڕیاری بڵاوکردنەوەی دا.
هەمرین قسەی بۆ 964 کرد وتی، دوێنی هەینی پاش نیوەڕۆ لەگەڵ خاڵۆزاکەم بڕیاری چوونە دامێنی چیای قەرەچوغماندا لە نزیک گوندی ملهۆت، لەبری ئەوەی دۆمەڵانمان دەستبکەوێ، چاومان بە 10 گوللە هاوەن کەوت، کە هەموویان 60 ملیم بوون.
لە دیمەنە ڤیدیۆییەکەدا کە هەمرین تۆماری کردووە دەردەکەویت، گوللەکان رەنگی بەشی دواوەیان سپییە و بەشی پێشەوەی شین، دەرزی تەقاندنەوەیان پێوەیە و نەتەقیوونەتەوە، بە قسەی هەرمین بێت، دوای ئەوەی ئاگاداری کردوون بەیانی ئەمڕۆ شەممە 24.2.2024، هێزێک لە ئاسایشی مەلاقەرە چوونەتە ناوچەکە و سەرجەم گوللە هاوەنەکانیان هەڵگرتووەتەوە.
964 هەوڵیدا لێدوانی فەرمی لایەنە ئەمنییەکانی ناوچەکە وەربگرێ، لە ئەنجامی سۆراغەکانی گەیشت بە زانیاری سەرەتایی کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی هەڵگرتنەوەدا، وتویانە، “ئەو گوللە هاوەنانەن هی مەشق و راهێنان بووە”، بەڵام هەمرین مەرزانی وتی، “ئێمە گومان دەکەین ئەو گوللانە هی شەڕی چەکدارانی داعش بووە کە لە ناوچەکە دایان نابێت”.
چیای قەرەچووغ، پێشتر سێ هێز تێیدا بنکە و بارەگایان هەبوو، بەڵام ساڵی رابردوو هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ی باڵی سەربازی پەکەکە لە ناوچەکە کشانەوە و چوونە هەرێمی پاراستنی مێدیا، ئێستا هێزی پێشمەرگە و سەربازانی سوپای عێراق لە چەند بنکە و بارەگایەکدا ماونەتەوە.