کرێی مانگانەی ئاو بوو بە نیوە

964+ هێرۆ مەولودی – هەولێر ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کرێی مانگانەی ئاو بۆ ئەو ماڵ و شوێنانەی هێشتا پێوەریان نەبەستووە، لە 80 هەزار دینارەوە کەمدەکرێتەوە بۆ 45 هەزار دینار. ئەم بڕیارە لە 2023ەوە جێبەجێ دەکرێت و مانگەکانی ساڵی رابردوو ناگرێتەوە. ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی بۆ 964+ پشتڕاستکردەوە و وتی، ئەو هاوبەشانەی لە 2021 و 2022 پێوەری ئاویان نەبەستووە و قەرزدارن، پێویستە 80 هەزار دینار بدەن بۆ هەر مانگێک. بە قسەی ئەو، تاوەکو ئێستا نزیکەی 90%ی هاوبەشەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان پێوەری زیرەکیان بەستووە. پرۆژەی بەستنی پێوەری زیرەک لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چووەتە پێشەوە، بە وتەی وەزارەتی کارەبا، ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە و زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٢٠ هەزار  پێوەر بەستراون.