ساڵی رابردوو 445 کەس رۆحیان دەرچووە بە رووداوی هاتوچۆ
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
ساڵی رابردوو نزیكەی چوار هەزار رووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان روویانداوە و بەهۆیانەوە 445 كەس گیانیان لەدەستداوە.
عەمید محەمەد روشدی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندی و راگەیاندنی هاتوچۆی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساڵی رابردوو سێ هەزار و 706 رووداوی هاتوچۆ بە جۆرەكانی پێكدادان، وەرگەڕان و شێلان لە هەرێم تۆماركراون.
بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە، 445 كەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 225 كەس برینداربوون.
بەپێی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێم، لەكۆی ئەو رووداوانەی کە لە ساڵی 2022 تۆمارکراون، 444یان بەهۆی ماتۆرسكیلەوە بوون.
جۆری رووداوەکان:
2909 پێکدادان
438 شێلان
773 وەرگەڕان
ژمارەی رووداوەكانی هاتوچۆ لە ساڵی 2022دا، بەراورد بە ساڵی پێشووتر 414 رووداو كەمیكردووە و ژمارەی گیانلەدەستدانیش 178 کەس کەمتر تۆمارکراوە.
جگە لە سەرپێچی كامێراكانی چاودێری، 499 هەزار و 394 سەرپێچی هەمەجۆر تۆماركراون و ژمارەکە زیادیکردووە. کامێراکانی چاودێری و تیژرەوی ئۆتۆمبێل یەک ملیۆن و 825 هەزار و 976 سەرپێچیان تۆمار کردووە.
هاتوچۆی هەرێم دەڵێت، ساڵی رابردوو دەست بەسەر 15 هەزار و 919 ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلدا گیراوە و 15 هەزار و 11 شۆفێر بەهۆی سەرپێچیکردنەوە دراونەتە دادگا.