شارەوانیی سلێمانی - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
چییان پێویستە؟
خانووەکانی گەڕەکی مەلا داود لە سلێمانی تاپۆ دەکرێن
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی سلێمانی داوا لەو دانیشتوانەی گوندی گەڕەکی مەلا داود دەکات، کە پێشتر مامەڵەی تاپۆکردنی خانووەکانیان کردووە، سەردانی شارەوانیی سلێمانی بکەن بۆ تەواوکردنی.
شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 21.2.2024 بڵاویکردووەتەوە، تەنیا ئەو خانووانە تاپۆ ناکرێن کە دەکەونە حەرەمی گوندی مەلا داودە و پێویستی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەیان.
راگەیەندراوەکەی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، “ئەو بەڕێزانەی مەلا داود کە لە ماوەی یاساییدا داواکارییان پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی کردووە با ئیستینساخی کارتی نیشتمانی یان رەگەزنامە و پێناسی خۆیان و هاوسەریان لە ماڵەوە ئامادە بکەن و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنەی لاوەکیی رۆژئاوا بکەن”.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەرکەس ئەو ژمارە تەلەفۆنەی گۆڕیوە کە پێشتر دایناوە، پێویستە سەردانی شارەوانیی رۆژئاوا بکەن و ژمارە تەلەفۆنێکی نوێ دابنێن.
بە پێی ماستەرپلانی نوێی سلێمانی، 37 گوندی دەوروبەری سلێمانی خراونەتە ناو ماستەرپلانەکەوە و دەبنە گەڕەکی نوێی شارەکە و شارەوانی لە وردبینیدایە بۆیان تا خانووەکانیان تاپۆ بکرێن.