دوزخورماتوو

مێرمنداڵێکی 17 ساڵان سێ رۆژە سۆراغی نییە

+964
سیروان خورشید-دوزخورماتوو

مێرمنداڵێکی 17 ساڵان ماوەی سێ رۆژە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، کەسوکاری سەرجەم لایەنە ئەمنیەکانی قەزاکەیان ئاگادارکردووەتەوە و تا ئێستا هیچ سۆراغێکی نییە.

عەقیل محەمەد برای گەنجە ونبووەکە بە 964ی وت، کاتژمێر 8ونیوی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، براکەیان لە ماڵ چووەتە دەرەوە بە مەبەستی چوون بۆ وەرگرتنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ لەقوتابخانەی سەدولعێراق لە گەڕەکی عەسکەری لە خورماتوو، بەڵام تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە.

ئەو کوڕەی نادیارە، ناوی نەبیل محەمەدە و لەدایکبووی 2007یە، کەسوکارەی دەڵێن هەر هەمان رۆژ چوونەتە قوتابخانەکەی بۆ سۆراغ، بەڵام لە لایەن بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکەیەوە پێیان وتراوە کوڕەکە ئەو رۆژە نەهاتووەتە قوتابخانە.

عەقیل محەمەد دەڵێت، ئێستا جگە لە خۆیان خزم و کەسوکاریان لە شارەکانی ترن بۆ سۆراغ و دۆزینەوەی براکەیان، بە دڵێکی پڕەوە داواش دەکات هەرکەسێک زانیاری لەسەری هەیە لە رێی ئەو ژمارە موبایلانەوە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویان کردووەتەوە، ئاگاداریان بکەنەوە.

964 پەیوەندی بە عەمید حوسێن عەلی بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی خورماتووەوە کرد، ئەویش وتی، “هێزی پۆلیس لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانی و هێزی بەرەنگاربونەوەی تاوان لە سنوورەکەدا، لە گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی مێرمنداڵەکە بەردەوامن”.

وتیشی، لە کامێرای چاودێریی نزیک قوتابخانەی مێرمنداڵەکە بە دواداچوون کراوە، بەڵام ئەو نەچووەتە قوتابخانە و گومان دەکەن رفێندرابێت و ئەوان لە گەڕان و بەدواچوونەکانیان تا دۆزینەوە و گەیشتن بە چارەنووسی مێرمنداڵەکە بەردەوام دەبن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئه‌یاد دواى شه‌وێك وونبون دۆزرایه‌وه‌

ئه‌یاد دواى شه‌وێك وونبون دۆزرایه‌وه‌