
زیاتر لەبیست دەفتەر بۆ بینینی میسی و رۆناڵدۆ پێکەوە
+964
کلاسیکۆی مێسی و رۆناڵدۆ 10 رۆژی تر بەڕێوە دەچێت، یەک تیکتی یارییەکە نرخی دەگاتە سەروو 267 هەزار دۆلار.
رۆژی 19ی ئەم مانگە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەبەشداری مێسی، رووبەڕووی دەستەبژێرێک لەیاریزانانی هەردوو یانەی نەسرو هیلالی سعودی دەبێتەوە، لەناو ئەمانیشدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەیە.
هەموو جیهان چاوی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو گەورە ئەستێرەیەیە، چونکە مێسی کاپتنی ئەرژەنتین دوای بردنەوەی مۆندیال بۆ یەکەمجار بەڕکابەرە مێژووییەکەی -رۆناڵدۆ- شاد دەبێتەوە، ئەمەی دووەمیشیان ئەزموونێکی نوێی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودییە دەست پێکردووە بە گەورەترین بۆندی ناو تۆپی پێ کە نرخەکەی گەیشتووەتە دووسەد ملیۆن یۆرۆ.
سعودییە دەیەوێت تا ئەوپەڕی سوود لەم بۆنەیە ببینێ، بۆیە تیکتێکی تایبەت دەخاتە بازاڕەوە کە نرخەکەی بەیەک ملیۆن ریالی سعودی دەست پێدەکات.
تورکی ئالشێخ، سەرۆکی دەستی گشتی خۆشگوزەرانی سىعودییە ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند تائێستا یەک ملیۆن داواکاری بۆ کڕینی تیکتی یارییەکە هەیە، بەڵام، لەناو ئەوانەدا تیکتێکی تاقانە هەیە کە ناونراوە ”سەروو خەیاڵ” نرخەکەی لەیەک ملیۆن ریاڵی سعودی دەست پێدەکات.
ئالشێخ لەسەر تویتەر نوسیوێتی ”کەس باسی کەمتر لەیەک ملیۆن ریاڵ نەکات” ئەوەش دەکاتە 267 هەزار دۆلار، رەنگە نرخەکەی لەوە زیاتریش بێت، چونکە بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشرێت.
ئەوەی ئەو تیکتە بکڕێت چەند تایبەتمەندییەک وەردەگرێت، لەوانە دەچێتە ژووری خۆگۆڕینی یاریزانەکان و جامەکەش دەدات بەبراوەی یارییەکە، داهاتی ئەم تیکتەش بۆ کاری خێرخوازی دەبێت.
ئەم یارییەی میسی و رۆناڵدۆ بەشێکە لەچالاکییەکانی ”وەرزی ریاز”، ئەمەش زنجیرە چالاکییەکی هونەری و کەلتوری و رۆشنبیرییە کە لەسعودییە بەڕێوەدەچێت.
میسی و رۆناڵدۆ دوو دیارترین ئەستێرەی دنیای تۆپی پێن، پێکەوە دوانزە تۆپی ئاڵتونیان هەیە -میسی 7، رۆناڵدۆ 5- لوتکەی رکابەرێتیشیان ساڵانی 2009 بۆ 2018 بوو کە میسی لە بەرشەلۆنەو رۆناڵدۆ لەریال مەدرید بوو.