لە دار و بەرد پەیكەر دروست دەكات

+964
شاڵاو عەلی – سلێمانی

ئاسۆ كانەبی شێوەكارێكی شاری سلێمانییە، لە گەڕه‌كی زەرگەتە گەلەرییەكی تایبەتی بە كارەكانی خۆی كردووه‌تەوە، دەیەوێت كلتوری كڕینى تابلۆ لە كوردستاندا دروست بكات.

تابلۆكانی جیاوازن، لە رەنگ، نرخ، كوالێتی و جۆردا، بە پێی قەبارە و جۆر و شێوە و رەنگەكەی دەگۆڕێت.

ئاسۆ دوای تەواوكردنی پەیمانگەی هونەرەجوانەكان، كاری وێنەكێشانی ده‌ستپێكردووه‌، جگه‌ لە وێنەكێشان پەیكەریش دەتاشێت، تا ئێستا سی پەیكەری بچووك و گەورە و مامناوەندی دروست كردووە، لە شارەكانی سلێمانی، هەڵەبجە و رانیە پەیكەرەكانی لەسەر شەقامەكان دانراون.

ئاسۆ كانەبی، كه‌ بە پیكاسۆكەی سلێمانی ناسراوە، لە بەرد، دار، زەڕنیخ، زیو، مس و وردەبەرد دەتوانێت پەیكەر دروست بكات، وێنەكانیشی لە رێگەی بۆیەی جیاواز بە شێوازی ئاوی و رەنگاوڕەنگ دروست دەكات.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ساڵی 1992 لە سلێمانی لەدایك بووە، دەرچووی بەشی شێوەکاریی پەیمانگه‌ و کۆلێژی هونەرە جوانەکانە، جگە لە پێشانگەی هاوبەش، تا ئێستا خاوەنی چەندان پێشانگەی تایبەت و پەیکەری جیاجیای هونەرییە.