داواکاری گشتی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن: رووبەڕووی یاساتان دەکەینەوە

964+
فەهمی نەبی -هەولێر

سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێم، ئاگاداری راگەیاندنەکان دەکاتەوە، لەمەودوا لەکاتی روودانی رووداوی تاوانکاریدا، تا رێکارەکانی لێکۆڵینەوەی دادگا تەواو نەبێت، دەزگاکانی راگەیاندن بۆیان نییە لێدوان لە کەسوکاری قوربانی وەربگرن.

لە بەیاننامەکەی داواکاری گشتیدا هاتووە “بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بەر لە تەواوبوونی رێکارەکانی لێکۆڵێنەوە، زانیاری نادروست بڵاودەکەنەوە و لێدوان لە کەسوکاری قوربانی وەردەگرن”.

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی لە ماددەی 236-ـی یاسای ژمارە 111ـی ساڵی 1969، کە لە هەرێمی کوردستانیش بەرکارە، هەر دەزگایەک ناو و وێنەی قوربانی بڵاوبکاتەوە، بە سزایەک کە لە دوو ساڵ زیندانی زیاتر نەبێت، سزا دەدرێن.

ئاری عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری یەکەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، تایبەت بە 964+ وتی، “هەر دەزگایەکی راگەیاندن وێنە و ڤیدیۆی قوربانی یان لێدوانی کەسوکاری قوربانی بڵاوبکاتەوە، داوای لەسەر تۆمار دەکەین”.

وتیشی، “ماوەیەک بەر لە ئێستا، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنەی ئەو منداڵەی پارە بەسەر کچە سەماکەرێک فڕێدەدات، داواکاری گشتی داوای یاسایی لەسەر کۆمەڵێک دەزگای راگەیاندن و پەیجی فەرمیدا تۆمار کرد”، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی ئەو دەزگایانە بکات.

بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی کانونی دووەمی 2023، بڵاوبووه‌تەوە، ئاراستەی هەموو دەزگه‌کانی راگەیاندن و ماڵپەڕ و پەیجەکان کراوە.