لەسەر گۆرانی "وڵات"

لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپێک دەزگا ئەمنییەکانی ئێران چوار کوردیان دەستگیرکرد

964+

فەهمی نەبی

چەند رۆژێک لەمەوبەر دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران چوار کوردی دانیشتووی پارێزگای خوراسانی باکووریان دەستگیرکردووە لەسەر بەشداریان لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپێک بەناوی “وڵات” کە هونەرمەند عەلی کەریمی گۆرانیەکەی دەڵێت.

ئەرسەلان یار ئەحمەدی، سەرۆکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بە 964ی وت، بەر لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپەکە هەڕەشە لە هونەرمەند عەلی کەریمی کراوە کە نابێت بڵاویبکاتەوە، بەڵام ئەو گوێی بە هەڕەشەکان نەداوە و بڵاویکردوەتەوە، رۆژێک دوای بڵاوکردنەوەی دەزگا ئەمنیەکان ئاگادارینامەیان بۆ هەموو ئەو کەسانە ناردووە کە بەشداری کلیپەکە بوون.

بەوتەی ئەرسەلان یار ئەحمەدی، ستۆدیۆی “تەقیزادە” کە گۆرانیەکەی لێ تۆمارکراوە لە شاری ئەسفەراین لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە داخراوە و سەرجەم ئەو پەیجانەی کلیپەکەیان بڵاوکردوەتەوە لە خوراسان هەڕەشەیان لێکراوە بیسڕنەوە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک ژمارەی کوردانی خوراسانی باکوور نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس دەبێت و سەرۆکی رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، قەدەغەکردنی ئەو کلیپە پێشینەی هەیە چونکە لەمەوبەر چالاکوانانی خوراسان کەمپینی پۆشینی جلی کوردیان راگەیاندبوو، دەزگا ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەچەندین کەس کردبوو.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکلیپەکە هەفتەی رابردوو، هەریەکە لە حوسێن تەقیزادە بەڕێوەبەری ستۆدیۆ، عەلی دلفراز دەرهێنەر، حوسێن فیروزە بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و جەلال بەراتزادە کامێرامانی کلیپەکە لە شاری بجنۆردی پارێزگای خوراسانی باکوور دوای بانگکرانیان بۆ ئیدارە ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەرکراون و دواتر بەپڕکردنەوەی بەڵێننامە ئازاد کراون، لەگەڵ ئەوەدا بەتەلەفون هەڕەشە لەوانە کراوە کە لە کلیپەکە دەرکەوتوون، ئەمەش بەپێی راگەیەنراوەی رێکخراوی هەنگاو کە دوێنێ راگەیەنراوە.

رێکخراوی هەنگاو: هێزە ئەمنییەکان کۆڵبەرێکیان گرتووە و ...

رێکخراوی هەنگاو: هێزە ئەمنییەکان کۆڵبەرێکیان گرتووە و برینداریان کردووە