بە هۆكارێكی نادیار نزیكەی 30 هەزار ماسی لەناوچوون
میدیازان – كارزان جرجیس – ناحیەی شوان
سی هەزار ماسی پڕۆژەیەکی سەر زێی بچووک، بەهۆکارێکی نادیار لەناوچوون، خاوەنەکی دەڵی هێشتا هۆکارەکەی نەزانراوە.
محەمەد قادر، خاوەنی پڕۆژەکە بە میدیازانی راگەیاند ئەو ٣٠ هەزار ماسییە لەماوەی ٤٨ کاتژمێر لەناوچوون، هێشتا هۆکارەکەی نادیارە.
محەمەد قادر، خەڵکی گوندی کەپەنكی سەر بە ناحیەی شوانی سنووری پارێزگای كەركوكە، وەک خۆی باسی دەکات ماوەی نۆ ساڵە ماسی بەخێو دەکات، ئەو پڕۆژەیەشی کە ماسییەکانی مردار بووەتەوە، لەسەر رووبەری ٢٠ دۆنم زەوی بووەو، نۆ حەوزی بەخێوکردنی ماسی لەسەر زێی بچووک.
زیاتر وتیشی” ئەمساڵ بەبڕی نۆ ملیۆن دینار دەرمانم كڕیوەو هەروەها بەبڕی ١٤٠ هەزار دۆلاری ئەمریكی خۆراكی ماسییم كڕیوە، تەنیا بایی ٢٠ هەزار دۆلارم لێ فرۆشتووە، ئەمەش زیانێكی گەورەیە بۆیە ئەگەر هۆكارەکەی نەدۆزمەوە ناچارم حەوزەكان پڕبكەمەوە و مایەپووچبوونی پڕۆژەكەش ڕابگەیەنم”.
محەمەد قادر، ئەوەی رەتکردەوە کە مردار بوونەوەیان پەیوەندی بە کەمی ئاو لە پڕۆژەکانەوە هەبوو بێت، دەڵێ شارەزاییەكی باشم هەیەو هیچ کات حەوزەکان کەم ئاو نەبوون و ماسییەکانیش برسیان نەبووە، بۆیە بەردەوام دەبم لە گەڕان بەدوای سەرچاوەکە.