دادگای سلێمانی بڕیاری داوە
14 کرێکاری دوورخراوە گەڕێندرانەوە سەر کارەکانیان
964+
پێشەوا محەمەد
دادگای سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیاری گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەی 14 کرێکاری دا بۆ سەر ئیشەکەیان، کە پێشتر لە لایەن کارگەکەیانەوە دوورخرابوونەوە.
ئەو کرێکارانە مانگی پێنجی ساڵی رابردوو لە دادگای سلێمانی سکاڵایان لەسەر کارگەی چبسی لیز لە قەزای بازیان تۆمار کردبوو، چونکە “بەبێ هیچ هۆکارێک دووری خستبوونەوە”.
ئەرکان حەسەن، پارێزەری ئەو کرێکارانە بە 964ـی راگەیاند، بیانووی کارگەکە بۆ دوورخستنەوەی ئەو کرێکارانە، نەشیاوییان بووە لە کارەکەیاندا و نەشارەزابوونیان بووە، “بەڵام ئەوان ماوەی دوو ساڵ ىووە لەو کارگەیە کاریان کردووە و هەموویان شارەزاییان لە کارەکەیاندا هەبووە”.
وتیشی، “بە پێی بڕیاری دادگا ئەو 14 کرێکارە دەگەڕێنەوە سەر کارەکەیان و دەبێت کارگەکە مووچەی ئەو حەوت مانگەشیان پێبدات کە دووری خستوونەتەوە و قەرەبوویان بکاتەوە”.
کارگەی چبسی لیز لە ناوەندی قەزای بازیانە و نزیکەی 1000 کارمەندی هەیە.
“دادگا بڕیارەکەی داوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاری دادگای تەمیزە لەسەر کەیسەکە، کە ئاخۆ گۆڕانکاریی تێدا دەکات یان وەک خۆی دەیهێڵێتەوە بۆ جێبەجێکردن”، ئەرکان حەسەن وای وت.