بۆ دابینکردنی ئاوە
ئاوی هەولێر داوا دەکات ماڵەکانی بۆری ئیفراز دوو پەیوەندییان پێوە بکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، داوا لە نۆ گەڕەکی ناوەندی شارەکە دەکات پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (07504467378) بکەن تا ئاویان بە تانکەر یان ئیفراز یەک و سێ پێ بگەیەنن، چونکە بۆری ئاوی ئیفراز دوو هەورە بروسکە لە کاری خستووە.
دانیشتووانی گهڕهكهكانی کوێستان، ئاری، عولهما، سهڵاحهدین، نووسەران، حاکماوە، بەختیاری، کوردستان، کورانی مهخمور لە بۆری ئاوی ئیفراز دوو ئاویان پێ دەگەیەندرێت، بەڵام دوێنێ هەینی 16.2.2024، بەهۆی هەورە بروسکە، پڕۆژەی ئیفراز دوو لە کار کەوت و ئاوی هەولێر دەیەوێت بە کاتی تانکەر بۆ گەیاندنی ئاو بەو ماڵانە بەکاربهێنێ.
زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر بە 964ـى وت، بە ناچارى سەرەڕاى لێڵبوونى پڕۆژەى ئاوەکە و بەرزبونەوەى ئاستى ئاوى زێى گەورە لە نزیک پڕۆژەکان، جگە لە تانکەر هەوڵ دەدەن لە رێگەى ئیفراز یەک و سێ، گرفتى ئەو گەڕەک و ماڵانە چارەسەر بکەین، کە بەهۆى وەستانى ئیفراز دوو، تووشى گرفتى کەمئاوى بوون.
وەک ئەوەى بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر ئاماژەى پێدەکات، بەپێى ئەو پلانەى دایانڕشتووە، دەتوانن بە رێژەى 96%ى گرفتى کەمئاوى ئەو گەڕەکانەى دەکەونە سەر پڕۆژەى ئیفراز دوو چارەسەر بکەن، بەڵام 6%ى ماڵەکانى ئەو گەڕەکانە ئاویان پێناگات و هەوڵ دەدەن لە رێگەى تانکەرەوە بۆیان دابین بکەن.
جگە لە بەگەڕخستنى پرۆژەى ئاوى ئیفراز یەک و سێ بۆ قەرەبووکردنەوەى وەستانى پڕۆژەى ئیفراز دوو، ئاوى هەولێر فەرمانی کردووە، سەرجەم ئەو بیرانەى لە وەرزى زستاندا کوژێنراونەتەوە، هەڵبکرێنەوە و ئاو دابین بکەن، “چارەسەرکردنى گرفتە کارەباییەکەى پڕۆژەى ئیفراز دوو، پێویستى بە 20 رۆژە، چونکە بەشێک لە ئامێر و پێویستییەکانى پڕۆژەکە کە بەهۆى هەورە بروسکەوە سووتاون، لە دەرەوەى وڵات و بەغداوە دەهێنرێن”، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر واى وت.