نافورەکانی بلواری ٦٠ مەترییەکەی هەولێر نۆژەنکرایەوە

نافورەی چوارڕیانی بەردەم هوتێل شیراتۆن/ فۆتۆ – بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاڕکەکانی هەولێر

میدیازان – فەرمان سادق

ئەندازەی پاڕکەکانی هەولێر دەستی کردووە بە نۆژەنکردنەوەی نافورەکان، دوای پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان، نافورەکانی ٦٠ مەتری و ١٠٠ مەتریشیان نۆژەن کردنەوە.

رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاڕکەکان بە میدیازانی راگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی نافورەکانی شەقمی ٦٠ مەتری لەتەواو بوون دایە، تەنیا یەک نافورە ماوە لە کۆی ١٠ نافورەکە.  وتی “بە گوژمەی نۆ ملیۆن دینار، رووناکییەکان گۆڕدراون، هەروەها غەتاسەکانیش کە ماتۆڕەکەیان تێکچوو بوو چاک کراونەوە”.

بەقسەی رێبین ئەحمەد، گۆڕینی غەتاسەکان ٣٦٠ ملیۆن دینار تێدەچێ، ئەو گوژمەیە لەبەردست نەبوو، بۆیە ئەوانەی ٦٠ مەتری و ١٠٠ مەتریش، تەنیا غەتاسەکان چاک کراونەتەوەو رووناکییەکانیش گۆڕدراون.

نۆژەنکردنەوەی نافورەکانی ٦٠ مەتری و ١٠٠ـی هەولێر، لە کاتێکدایە پێشتریش نافورەو رووناکی ناو ١٢ پاڕکی هەولێر چاک کرانەوە.

لەشەقامی سەد مەتری هەولێر پێنج نافورەو لە شەست مەتری دە نافورە هەیە، کۆی گشتی هەموو نافورەو بلوارەکانی هەولێر ١١٦ دانەن.