ئەو شوێنانە کوێن؟

پێنج شوێنى هەولێر خاڵى لاوازن بۆ روودانى لافاو

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتى ژینگەپارێزى هەولێر پێنج شوێنی هەولێر دەستنیشان دەکات وەک خاڵی لاوازی دروستبوونی لافاو، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی چەند تیمێکی ژینگە پارێز لەو شوێنانە جێگرکراون، کە مەترسى دروستبوونى لافاویان لێدەکرێت.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەرى خزمەتگوزاری ژینگەپارێزى هەولێر بە 964ـى وت، “لەدوێنێوە هەموو ئەو شوێنەکانمان پاککردووەتەوە کە تووشى پەنگخواردنەوەى ئاو ببوون، بەتایبەت ئەو شوێنانەى خاڵى لاوازن بۆ دروستبوونى لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاو، مەنهۆڵەکانیش پاککراونەتەوە و سەرەکانیان هەڵدراوەتەوە”.

“لە هەولێر چەند شوێنێک بە خاڵى لاواز دانراون کە مەترسى دروستبوونى لافاو یان پەنخواردنەوەى ئاویان لێدەکرێت کە بریتین لە (ژێر پردى سەیداوە، لاى فاملى مۆڵ، ژێر بەرزەپردى ئەکرەم مەنتک، گەڕەکى توڕەق و پشت گەڕەکى گڵکەند)، بۆیە ئێستا ئامێرەکانى شارەوانى لەو شوێنانە جێگیرکراون و ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێک”، ژیار جەلال، واى وت.

لەبارەى ئەو بەربەستە کۆنکرێتیانەى لەژێر پردى سەیداوا دانراون، ژیار جەلال دەڵێت: ئەو بەربەستانە هۆکارى پەنگخواردنەوەکەى ئاوەکە نەبوون، بەڵام رۆژى یەکشەممە شارەوانى لایان دەبات.

لاى خۆیەوە نەبەز عەبدولحەمید،قایمقامى هەولێر بە 964ـى وت، “هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و تیمەکان لە ئامادەباشیدان، بەڵام داوام لەخەڵک ئەوەیە پابەندى رێنماییەکانى شارەوانى و بەرگرى شارستانى بن بۆ ئەوەى رووداوەکەی دوێنێی ژێر پردى سەیداوە دووبارە نەبێتەوە”، چونکە وەک ئەوەى قایمقامى هەولێر باسى دەکات، ئەو کەسانەى دوێنێ ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتنە ژێر ئاو پێشتر ئاگادار کرابوونەوە کە ئۆتۆمبێلەکانیان رانەگرن، بەڵام پابەند نەبوون.

هەرچەندە پێشبینى دەکرێت ئەو شەپۆلەى ئەمڕۆ وەک شەپۆلەکەى دوێنێ بەهێز نەبێت، بەڕێوەبەرى ژینگەپارێزى هەولێر، داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەگەر بۆ کارى پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە.

تا گەڕاونەتەوە ئۆتۆمبێلەکەیان لەژێر پردی سەیداوە کەوت...

تا گەڕاونەتەوە ئۆتۆمبێلەکەیان لەژێر پردی سەیداوە کەوتووەتە ژێر ئاو