زانکۆی سەڵاحەدین لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان یەکەمە

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

ریزبەندییەک دەریدەخات، لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، زانکۆی سه‌ڵاحەدینی هەولێر، یەکەم بووە، بەجۆرێک بەخشینی پلەی یەکەم لەسەر بنەمای بڵاوکردنەوەی زۆرترین توێژینەوەی زانستییە لە ماوەی پێنج ساڵدا.

ماڵپەڕی Clarivate، لە راپۆرتی “InCite- WoS”، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی کانونی یەکەمی 2023، ریزبەندییەکەی بڵاوکردووەتەوە.

هەڵسەنگاندنەکە لەسەر بنەمای پێنج ساڵی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەیە، بە جۆرێک ئەو توێژینەوانە لە نێوان ساڵانی 2017 تا 2022، بڵاوکراونەتەوە.

بەگوتەی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە بێت، سەرجەم ئەو توێژینەوانەی مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین، لەو ماڵپەڕە دایانناوە، هەموویان هی مامۆستایانی کورد بوونە و هیچ مامۆستیەکی بیانی تێدا نەبووە.

سامان عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، بە 964 +ی وت “ریزبەندییەکە لەسەر بنەمای زۆرترین سوودبینین بووە لە توێژینەوەکانی مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین، 32 هەزار و 495 جار بووە، توێژەران لەسەر ئاستی هەموو جیهان سوودیان لە توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین بینییوە”.

ماڵپەڕی Clarivate، کۆمپانیایەکی شیکاری بەریتانی و ئەمریکییە، کار لەسەر شیکردنەوەی داتای زانستی دەکات.

هەردەوان مەحمود، شارەزای بواری IT دەڵێت “ریزبەنیەکانی ماڵپەڕی Clarivate لەسەر بنەمای توێژینەوەی مامۆستایانە و کارەکانی ئەو ماڵپەڕە، لەسەر ئاستی جیهاندا باوەڕپێکراوە”.

زانکۆی سەڵاحەدین، لە 15 کۆلێژ پێکدێت، سەرەتا لە شاری سلێمانی و لە ساڵی 1968 دامەزراوە، لە ساڵی 1981، گواستراوەتەوە بۆ شاری هەولێر.