ئامانجەکەی روونکراوەتەوە

ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی کەوتەکار

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی ماڵپەڕێکی تایبەت بە چالاکی و ناوچە شوێنەوارییەکانی سنوورەکەیان کردووەتەوە، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، ماڵپەڕەکە تەواو شوێنەواری و زانستییە.

ماڵپەڕەکە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی پەخش دەکات، نوێترین هەواڵەکان، پێگە شوێنەوارییەکان، تیمە ناوخۆییەکان و گەلەریی تێدا جێکراوەتەوە.

“کۆی ئەو بابەتە زانستی و لێکۆڵینەوانەی لە ماوەکانی رابردوو یان لە داهاتوودا لەسەر پێگە شوێنەوارییەکانی ناوچەکە یان پارێزگای سلێمانی و دۆزینەوە نوێیەکانی کراون یان لە داهاتوودا دەکرێت، لە ماڵپەڕەکەدا بە شێوەی فایلی PDF دادەندرێت و بەردەست دەبێت بۆ تۆێژەران و خوێنەران و ئارەزوومەندان”، ئەوە قسەی حوسێن حەمەغەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانییە بۆ 964.

دەشڵێت، ئامانج لە دروستکردنی ئەو ماڵپەڕە بە ئەلیکترۆنیکردن و دیکۆمێنتکردنی سەرجەم ئەو کارانەیە کە لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار دەکرێت و هاوکات ناساندنی پێگە شوێنەوارییەکان، پلانەکان، کنە و پشکنینە نوێکان و دۆزینەوەکان بۆ هاوڵاتیان تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕێکەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە تا ئێستا هەزار و 110 شوێنەواری لە سنوورەکەی تۆمار کردووە و کنە و پشکنینی نوێش بەردەوامە.

بە وتەی زریان حاجی، سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی، کە قسەی بۆ 964 کردووە، ئەو ماڵپەڕە جگە لە پێشخستنی بواری شوێنەوار، هەوڵێکی باشە بۆ ناساندنی ناسنامە مێژووییەکەی سلێمانی و هەروەها پاراستنی و پێشخستنیشی، “چونکە ئەو ماڵپەڕە توێژینەوە لەسەر هەر رەهەندێکی شوێنەوار بۆ توێژەران ئاسانتر دەکات”.

دەشڵێت، گەشتیاران و هاوڵاتیان لە هەرکوێی دونیا بن دەتوانن لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە شوێنە مێژووییەکان ببین و بۆ ئەوانەی شەیدای ئەو شوێنانەن ئەو ماڵپەڕە هۆکارێکە بۆ راکێشانیان بۆ سلێمانی و بینینی ئەو ناوچە شوێنەوارییانە.

گردێکی شوێنەواری دەدرێتەوە شوێنەواری سلێمانی

گردێکی شوێنەواری دەدرێتەوە شوێنەواری سلێمانی