لە راپەڕین رۆژ نا رۆژێک کەسێک بە جەڵتەی دڵ دەمرێت

964+

مەجید بيتوێنی – راپەڕین

لە ئیدارەی راپەڕین 247 کەس لە ماوەی ساڵی رابردوو گیانیان لەدەستداوە بە هۆکاری جەڵتەی دڵ، کە بە نزیکەی رۆژ نا رۆژێک یەک کەس دەکات.

دکتۆر دیارئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بە 964+ی وت، رێژەی مردن مردن لەناو گەنجان لە تەمەنی 18 بۆ 40 ساڵی زیادیکردووە، بە جۆرێک لەسێ مانگی کۆتایی 2022دا، 16 گەنجی سنورەکە بە جەڵتەی دڵ لەناکاو گیانیان لەدەستداوە.

964+ دەزانێت، دوای پشکنینەکان دەرکەوتووە گەنجەکان هیچ نەخۆشییەکی تریان نەبووە و لەپڕ بە جەڵتەی دڵ مردوون.

بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕین دەشڵێت، دەزگا تەندروستییەکانی دەڤەرەکە هەڵوێستیان وەرگرتووە و دەستیان کردووە بە چالاکی هۆشیارکردنەوە لەسەر ئەو پرسە، هەوڵیش دەدەن بە زووترین کات لەگەڵ کەرتی تایبەت سەنتەرێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ لە سنورەکە بکەنەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست 964+ کەوتووە، لە ساڵی رابردوو، هەزار و 550 هاوڵاتی سەردانی بەشی هێڵکاری دڵیان لە نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە کردووە، ئەگەرچی دەڤەری راپەڕین نزیکەی 500 هەزار دانیشتووانی هەیە.