هێلانەکانیان نوێ کردەوە

لەق لەقەکان بۆ دوو گوندی شارەزوور هاتنەوە

964+
بڕوا مەجید – شارەزوور

لەق لەقەکان گەڕانەوە دەڤەری شارەزوور، لە دوو گوندی ناوچەکە ئێستا زیاتر لە 30 هێلانەیان هەیە، لای خەڵکی وا پێناسەی ئەم هاتنەوەیان دەکرێ، کە کەشوهەوا رووە و گۆڕانەوە و لە زستانەوە بۆ وەرزی بەهار هەنگاو دەنێن.

کشتوکاڵی ناوچەکە، بەهۆکاری ئەوەی باڵندەی لەق لەق بەکۆچەری دەبینێ، هیچ زانیارییەکی لە بارەیانەوە لەبەردەست نییە، بەڵام پۆلیسی دارستان لە ناحیەی عەربەت-ی پارێزگای سلێمانی بنکەیان هەیە و زۆر لە هێلانەی لەق لەقەکانەوە دوور نین.

بەهۆی زۆری هێلانەکان و هاتوچۆی بەردەوامیان لەسەر تاوەرەکان و قەراغ رووبارەکان، بە دروستی نازانرێ ژمارەی ئەو باڵندە کۆچەرییە چەندە، بەرزان عوسمان دانیشتووی گوندی باریکەیە ئەو بە 964ی وت، ژمارەیان زیاتر لە 60 لەق لەق دەبێت.

ئەم لەق لەقانە، تەنیا لە گوندی باریکەی سەر بە ناحیەی عەربەت دەبینران، ئێستا هێلانەشیان لە گوندی نەسری سەر بە ناحیەی وارماوا دروستکردووە، ئەو دانیشوویەی گوند ئەوەشی وت، کەشوهەوای ناوچەکە، رێژەی خواردنی زۆر بۆ لەق لەقەکان وایکردووە تاوەری گوندەکە، وەک لانەیەکی سەلامەت ببینن.

خواردنی سەرەکی لەق لەقەکان، خشۆک، بۆق و ماسییە، هەڵکەوتەی ئەو ناوچەیەی ئەوان هێلانەیان لێ دروستکردووە، بەجۆرێکە کە نزیکە لە چەمی تانجەرۆ و سەرچاوەی ئاوی بێستانسوور، هۆکارێکی باشیشە بۆ دەستکەوتنی خواردن.

مەعروف کانەبی، پسپۆری ژینگە رایەکی دیکەشی هەبوو، ئەو بە 964ی وت، لەق لەق بۆ ناوچەیەک دێنەوە، کە ئاشتی تێیدایە و سەلامەتی خۆی و وەچەکانی پارێزراوبێت، باشترە خەڵکی گوندەکان و پۆلیسی دارستان بەردەوام ئاگاداریان بن، چونکە هۆکارێکن بۆ هەمەچەشنی ژینگەی کوردستان.

لەق لەقەکان، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی هەمووساڵێک، لە گەرمیانەوە دێنەوە بۆ شارەزوور، تا کۆتایی ئەو ساڵە و مانگی کانوونی یەکەم دەمێننەوە، دواتر کەش ساردی کرد، دەگەڕێنەوە بۆ گەرمیان، کە بە تێکڕا پلەی گەرمیان لەنێوان 2پلە بۆ 5پلە بەرزترە.

هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لەبارەی حاجی لەق لەقەکان وتی، راوکردنی ئەو باڵندە کۆچەرییە نەبووە بە دیاردە و دۆخێکی مەترسیدار، بەهۆی ئەوە گۆشتی ناخورێت، بەڵکو هەندێکجار هەورەبروسکە و هێزی کارەبای سەر تاوەرەکان بووە بە هۆکاری ئەوەی گیان لەدەستبدەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا