سەلام حەمادی

دوای 33 ساڵ داوای لێبوردن لە دایکان دەکات

+964

دیلان محەمەد – سلێمانی

هونەرمەند سەلام حەمادی  خاوەنی گۆرانی “سەفەر مەکە” دوای ساڵانێکی زۆر بێدەنگی و دابڕان نزیکەی 20 بەرهەمی نوێی ئامادەیە و داوای لێبوردن لە دایکانیش دەکات.

بەرلە نزیکەی 33 ساڵ گۆرانی “سەفەر مەکە” دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، بەهۆی سەفەرکردنی زۆری گەنجان بەتایبەت لەناو دایکاندا و ئەم گۆرانیە لەسەر زاری هەمووان بوو، وەک سەلام حەمادی خۆی باسی دەکات هەر ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی چانسی هونەری لەو کاتەدا باش بێت و بناسرێت، بەڵام دواتر خۆشی سەفەر دەکات بۆ ئەڵمانیا و دوای گەڕانەوەشی جگە لە کاری بۆ منداڵان هیچ کارێکی هونەری نەبوو.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 سەلام حەمادی وتی، “زۆرێک لە دایکان گلەییان لێم دەکرد و داوای لێبوردنیان دەکەم ئەگەر ئەو گۆرانیە بووبێتە هۆی گریانیان”.

هاوکات سەلام حەمادی باسی لەوە کرد، لە کاتی کەرەنتینەوە 20 بەرهەمی نوێی ئامادەکردووە، بەڵام بڵاوینەکردووەتەوە و کاری دەنگی ماوە.

پێداچوونەوەی: پەری ساڵح