وێنەی پێنج تۆمەتبارەکە. فۆتۆ: ئاسایشی هەولێر
فێڵیان لە کڕیارەکانیان کردووە
لە هەولێر پێنج فرۆشیاری ئۆنلاین دەستگیر کران
ژووری هەواڵ
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی پێنج کەسی راگەیاند و دەڵێت، تۆمەتبارن بە رێگریکردن لە هاوڵاتیان و دزیکردن و فێڵکردن.
ئەمڕۆ سێشەممە 13.2.2024، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارەکان بە رێگەی ئۆنلاین کاڵایان فرۆشتووە و ناونیشانی شوێنێکیان داوەتە کڕیارەکانیان کە ئەو شوێنە چۆڵەوانییەو دورە لە کامێراکانی چاودێری، لەکاتی گەیشتنی کڕیارەکە بۆ شوێنەکە لەلایەن ئەم تۆمەتبارانەوە رێگریان لێکراوە و هێرش کراوەتە سەریان و ئازار دراون و پارە و مۆبایلەکانیان لێسەنراوە و دواتر هەڵاتون.
ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاوڵاتیان دەکات و دەڵێت، هەمیشە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتییەکەیانن لە پێدانی زانیاری.
تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 452 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.