گۆڕانکاری لە ئەستێرەکانیاندا دەکرێت

لە سلێمانی دووبارە پۆلێنی دامەزراوە گەشتیارییە تایبەتەکان دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

گەشتوگوزاری سلێمانی لە رێگەی لیژنەیەکەوە پۆلێنی دامەزراوە گەشتیارییە تایبەتەکان دەکاتەوە و لەسەر ئەو پۆلێنکردنەوەیە ئەستێرەیان پێدەداتەوە.

لەناو سلێمانی هەزار و 200 دامەزراوەی گەشتیاری کەرتی تایبەت بوونیان هەیە و ساڵانە لە لایەن گەشتوگوزاری سلێمانییەوە پۆلێن دەکرێنەوە.

ئارام شوانی، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لیژنەکە سەردانی سەرجەم دامەزراوە گەشتیارییە تایبەتەکان دەکاتەوە و لە کوالێتی، چالاکی، جوانی و بەرەوپێشچوون یان خراپبوونی دامەزراوەکە دەکۆڵێتەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش دووبارە ئەستێرەیان پێدەداتەوە.

وتیشی، “ئەگەر پێشتر شوێنێک چوار ئەستێرە بووبێت و ئێستا کوالێتییەکەی خراپ بووبێت ئەستێرەی لێوەردەگیرێتەوە و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بەرەوپێش چووبێت ئەوا ئەستێرەی بۆ زیاد دەکرێت”.

لیژنەکەی گەشتوگوزاری سلێمانی کارەکە لە رێگەی ئەپێکەوە دەکات، دەچنە سەر دامەزراوەکە و پێکهاتەکەی لە ئەپەکەدا دەنووسن، بۆ نموونە دەرگا و پەنجەرە و واجیهە و سەقف و دواتر ئەپەکە خۆی دیاری دەکات ئەو شوێنە دەبێت چەند ئەستێرە بێت.

“ئێستا خاوەن دامەزراوە گەشتیارییەکان حەز دەکەن ئەستێرەکانیان کەمتر بێت، چونکە باج و رسوماتی حکومەت زیاد بووە و تا ئەستێرەیان زیاتر بێت باجی زیاتریان لێوەردەگیرێت”، ئەوەش قسەی ئارام شوانییە.

سەرچنار دەکرێتە پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری

سەرچنار دەکرێتە پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری