دەسگێڕەکانی قەڵادزێ گوازرانەوە و 99 قوتابخانەیە سلێمانیش هەر بایکۆتن
964+
ژووری هەواڵ
کاتژمێر 2:00ـى دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە گوندى مەملەحەى ناحیەى سەنگاوى سەر بە ناحیەى سەنگاو لە سنوورى چەمچەماڵ، شەڕ لە نێوان دوو دراوسێ دروست بوو، بەهۆیەوە ژنێک کوژرا.
یەکێک لە کەسوکارى ژنە کوژراوەکە بە 964ى وت، “لە کاتی شەڕەکە و تەقەکردن ئەو ژنە نزیک پەنجەرەی ماڵەکەی خۆی بووە و گولـلە بەری کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
وتیشی، ژنەکە تەمەنەی 35 ساڵە و خەڵکی گوندی قەیتولە و لەگەڵ هاوسەرەکەی لە گوندی مەملەحەی ناحیەی سەنگاو دەژین و شەڕەکەرەکان و کوژراوەکە سەرجەمیان خزم و کەسوکاری یەکترن.
بە بڕیارى شارەوانیى قەڵادزێ، نزیکەى 50 دەستگێڕى بازاڕى شێخەڵا، گواستراونەتەوە بۆ گەڕەکى راپەڕین، وەک ئەوەى دەستگێڕەکان قسەیان بۆ 964 کردووە، شوێنەکە بە گونجاو دەزانن، بەڵام لەبەر ئەوەى هیچ خزمەتگوزارییەکى تێدا نییە، نیگەرانن.
دەستگێڕەکان لە رێگەى 964ـەوە داوا دەکەن، شوێنەکەیان بۆ رێکبخرێت و خزمەتگوزارییە پێویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، بە تایبەتی کۆنکرێتکردنى ئەو پارکەى بۆى گواستراونەتەوە.
لەشکر مەحمود، لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ بە 964ـی وت، “لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ لە هەوڵداین هەرچی پێمان بکرێت لە رووی خزمەتگوزارییەوە بۆیان بکەین تا بە جێگیریى لەوێدا بمێننەوە”.
لەکۆی یەک هەزار و 307 قوتابخانە و ناوەندی خوێندن لە سلێمانی، تەنیا 99 دانەیان لە بایکۆت بەردەوامن، بەپێی قسەی پەروەردەی سلێمانیش، ئەو مامۆستایانەی لە بایکۆت بەردەوامن بە نەهاتوو هەژمار دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە نەژاد عەبدوڵا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی وت، لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن لە سلێمانی پڕۆسەی خوێندن دەستیپێکردوە، ئەو مامۆستایانەی بایکۆتیان کردوە بە نەهاتو هەژمار دەکرێن، ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری پەروەردەکاندایە.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی ناوی زیاتر لە دوو هەزار و 500 مامۆستا بە نەهاتوو تۆمارکردبوو، بەڵام بە وتەی نەژاد عەبدوڵا ئێستا ئەوانیش گەڕاونەتەوە خوێندنگەکان و سزا نادرێن لەسەر بایکۆتکردن.