دوو پردی دیکە بۆ 100 مەترییەکەی هەولێر

+964

 فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

هاتوچۆی هەولێر بڕیاریداوە دوو پردی پەڕینەوەی دیکە بۆ سەر شەقامی 100 مەتریی دروست بکات، یەکێکیان لە لای قوتابخانه‌ى ئه‌حمه‌دى خانى و ئەوی دیکە لە بەردەم مزگه‌وتى خه‌دیجه‌ كوبرا.

بەگوێرەی یاساکانی هاتوچۆ، هه‌ر شه‌قامێك خێراییه‌كه‌ى به‌ 80 کیلۆمەتر دیاریكرا، ئه‌وا پێویستى به‌ پرده‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ى هاوڵاتیان، بازنه‌يى 100 مه‌تری هه‌ولێریش یه‌كێكه‌ له‌و شه‌قامانه ‌و تا ئێستا چوار پردی په‌ڕینه‌وه‌ى بۆ دروستكراوه‌.

 هه‌ڵكه‌وته‌ى بازنه‌یی شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌ولێر كه‌ خۆى له‌ بازنه‌كانى 20 مه‌ترى، 30 مه‌ترى، 40 مه‌ترى، 60 مه‌ترى، 100 مه‌ترى، 120 مه‌ترى و 150 مه‌ترى ده‌بینێته‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر بونیادى سروشتى ئاوه‌دانبوونه‌وه‌ى هه‌ولێر كه‌ له‌ قه‌ڵا ده‌ستىپێكردووه‌ و قه‌ڵاش به‌شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی بونیادنراوه‌.

ئەو چوار پردەی لەسەر 100 مەتری هەولێر هەن، دەکەونه‌ به‌رده‌می فاملى مۆڵ، كه‌رتى تایبه‌ت پابه‌ندكراوه‌ به‌ دروستكردنى، ئه‌وانى تریش، كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رده‌مى له‌نگه‌ و فولكه‌ى عه‌نكاوه‌ و نه‌خۆشخانه‌ى رزگاری، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دروستكراون.

له‌باره‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر بازنه‌ى 100 مه‌ترى پردى په‌ڕینه‌وه‌ى بۆ دروستبكرێ، فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964+ی وت، “به‌پێی پێویستى‌ خه‌ڵك‌ دروستى ده‌كه‌ین، لە ئێستادا لە لای قوتابخانه‌ى ئه‌حمه‌دى خانى و لە بەردەم مزگه‌وتى خه‌دیجه‌ پێویستن”.