964+
لە قەڵادزێ
دوای 12 ساڵ چاوەڕوانی بەسەر منداڵەوە چوو
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
دوای 12 ساڵ چاوەڕوانی بۆ لەدایکبوونی یەکەم منداڵی، ژنێکی دانیشتووی قەڵادزێ ئەمڕۆ دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی، خۆی گیانی لەدەست دا و کچەکەشی لە ژیاندا ماوە.
هێمن عەلی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ژنەکەیە و بە 964ـی وت، “ژنەکە تەمەنی 35 ساڵ بوو، پیشەی مامۆستا بوو خەڵکی قەڵادزێیە و دانیشتووی حاجیاوا بووە، 12 ساڵە زەواجی کردووە و چاوەڕێی منداڵ بوو، خوا پێی نەبەخشبوو، بەڵام دواجار دووگیان بووە بە منداڵێکی کچ”.
وتيشى “دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی رانیە، نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ کراوە، تووشی خوێنبەربوونی ناوەوە (نەزیف داخلی) بووە، بەڕێکراوە بۆ نەخۆشخانەی هەولێر و دوای چوار رۆژ مانەوە گیانی لەدەستداوە”.
باسى لەوەش کرد، مناڵەکەی سەلامەتە و رەگەزی مێیە و لای کەسوکاریەتی.
وتیشی، تەرمەکەی ئەمڕۆ گەڕێنراوەتەوە قەڵادزێ و لە گۆڕستانی راپەڕین بە خاک دەسپێردرێت، یەکەم رۆژی پرسەکەشی لە حاجیاوا دەبێت لەبەرئەوەی هاوسەرەکەی خەڵکی حاجیاوایە.
پێداچوونەوە: فەرهاد حەسەن