هێشتا شارەکە ترسی لافاوی لەسەر ماوە
لەهەولێر ئیشی باشکراوە
میدیازان – بەدواداچوونی فەرمان سادق
ههولێر بهتهواوی كهوتووهته خۆی بۆ ئهوهی ئهمساڵ دهردهكهی پاری بهسهر نهیهتو لهلافاو پارێزراو بێت، ههرچهنده كاری زۆر كراوه، بهڵام هێشتا لهخهم نهڕهخساوه.
زستانی رابردوو، چوار لافاو لهههولێر روویدا کە زیانەکانی بە ٥٠ ملیۆن دۆلار خەملێندرا، پشت پەردەی کەموکوڕییەکانی ژێرخانی شاری هەولێری خستەسەر بەڕە، ئەمەش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کاردستان توڕەکردو بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی دا.
لافاوی یەکەمی هەولێر لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ روویدا، لەشاری زێڕینی سەر رێگای سەرەکی نێوان هەولێر سەلاحەدین دەستی پێکرد، دواتر گوندی کۆری گرتەوە کە بەتەنیشت خۆیەتی، بەرەو گردجووتیار کە دەکەوێتە پشت ناحیەی عەنکاوە شۆڕ بووە، تەنەنات بەشکی گەڕەکەکانی ناو ناحیەی بەحرکەشی گرتەوە.
بەهۆی لافاوی یەکەمەوە، ٨٢٦ خێزان، ئاو چووە ناو ماڵەکانیان و زیان بە کەلوپەلی ناو ماڵەکەیان گەیشت، هەروەها ٣١٣ ئۆتۆمبێلیش هەر بەو هۆکارەوە زیانیان بەرکەوت، ئەوە جگە لە زیان گەیشتن بە فەرمانگەکانی حکومی، بەڵام هیچ کەسێک بەهۆی ئەو لافاوەوە گیانی لەدەست نەدا.
دوای نزیکەی ٤٥ رۆژ بەسەر لافاوی یەکەمدا، کە زیانەکانی بە پێنج ملیار و ٨٥٣ ملیۆن دینار خەمڵێنرا بوو، لە ٣٠ـی کانونی یەکەم لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە، زیانلێکەوتووان قەرەبوو کراونەوە، لافاوێکی گهورهتر لەوەی یەکەم هەولێری گرتەوە کە زیانەکانی چوار بەقەد ئەوەی پێشخۆی بوو.
لافاوی دووەم بوو کە لە ١٧ـی کانونی یەکەم روویدا، گەورەترین لافاوی زستانی رابردووی هەولێر بوو کە بەهۆیەوە ١٣ کەس گیانان لەدەستدا.
لافاوەکە، ١٥ شوێنی پارێزگای هەولێری گرتەوە دیارترینیان دارەتوو، بەشێکی گەڕەکی رۆشنبیری، دوو هەزار و ٧٧٥ خیزان زیان بە ناوماڵیان کەوت، هەزار و ٨٧ ئۆتۆمبیلیش زیانی بەرکەوت لەگەڵ دەیان فرۆشگاو دوکانو مارکێتو کارگەو حەوزی ماسیو زیانێکی زۆریش بۆ مەڕوماڵاتی ناوچەکە.
لافاوی سێیەمی هەولێر لە ١٣ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ روویدا. لافاوەکە گەڕەکەکانی تەیراوە، شۆڕش، نووسەران، گوڵان، عەنکاوە، بەحرکە، هەولێری نوێی گرتەوە.
هاوکات لافاوی چوارەمی هەولێر لە ٢٧ـی نیسانی ٢٠٢٢ روویدا کە بنەسڵاوەو چەند ناوچەیەکی تری هەولێری گرتەوە.
پلان چیبوو؟
دوای چوار لافاوەکە، لەسەر ئاستی باڵا، حکومەت و پارێزگاری هەولێر، شارەوانییەکان، کۆنفراسێکیان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا ئەنجامدا.
لەو کۆنفراسەدا پلان و نەخشەڕێگایەک دانرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو، پارێزگاری هەولێریش دەڵێ، پێویستیان بە زیاتر لە 360 ملیار دینارە بۆ کۆتایهێنان بە مەترسی لافاو لە پارێزگاکە، هاوکات کۆی زیانەکانی چوار لافاوەکەش بە ٥٠ ملیۆن دۆلار خەملێنرا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کە ناتوانن گرەنتی رونەدانی لافاو بکەن، بەڵام هەوڵی جدی دەدەن ئەمساڵ زیانەکانی لافاو کەم بێت.
پارێزگاری هەولێر وتی، ئەو کۆمپانیا و شوێنانەی بوون بە هۆکار، کە لافاو زیانی زیاتر لە هاوڵاتیان بدات بە پێبژاردن سزا دەدرێت و لەم رۆژانەدا ئاگادارکردنەوەیان پێدەدرێت.
چی کراوە؟
رێبوار حەسەن کاکەیی، سکرتێری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە لێدوانێکی تایبەت بە میدیازان ئاماژەی بەدەرئەنجامی کۆنفراسەکە کردو، خستیەڕوو کە داوای ٩٥ ملیار دینار کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو، ماوەی دوو ساڵیش پێشنیاز کراوە بۆ تەواوکردنی ئیشەکان کە دابەشی سەر چوار بەش کراون.
بەشی یەکەم، کارکردن لە رێرەوە ئاوییە سروشتییەکان و فراوانکردن و هەڵگرتنی زیادەڕەوییەکانی سەری کە سێ ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە، بەشی دووەم، فراوانکردنی سەندوقەکانی ئاوبەری ژێر شەقامەکانە کە زیاتر لە ملیارێک دیناری بۆ خەرجکراوە، بەشی سێیەم، دروستکردنی پۆندە بۆ کۆکردنەوەی ئاوی بارانە کە بڕی دوو ملیار دیناری بۆ خەرجکردووە.
سکرتێری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو، باسی لەوانەی لە جێبەجێکردن دان، ئەوا بڕیاری خەرجکردنی ٢٠ ملیار دیناری تریش لە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی بۆ وەرگیراوە، هاوکات لەچوارچێوەی وەزارەتی شارەوانیش، هەشت ملیار دیناری تر تەرخان دەکرێت بۆ هەولێر، وتی “بەکۆی گشتی ئەوەی لەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبنە پڕۆژەی ژێرخانی ٣٣ ملیار دینارە”.
رێبوار حەسەن کاکەیی، تەنیا دەرخستەی پۆندەکان کە لە راپۆرتی کۆنفراس هاتووە، پێویستی بە ٤٠ ملیار دینارە ٢٣ پۆند، وتی “ئەگەر پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت کە ٩٥ ملیار دیناری پێویستە، ئەوا گەرەنتی ئەوە دەدەین تا ٢٠ ساڵی تریش بەرزبوونەوەی ئاو و لافاو لە هەولێر روونەدات، بەڵام ئەوەی تائێستا خەرجکراوەو کراوە بە پرۆژە تەنیا پێنج ملیار دینارە، کە دەتوانێت رێگر بێت تا رێژەی ٤٠٪ـی لافاوی هاوشێوەی ١٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢١”.
سهبارهت بهپڕۆژەکانی وەبەرهێنانیش کە بەشێکیان کەوتوونەتەسەر رێڕەوەکانی ئاو، رێبوار کاکەیی، ئاماژەی بەوەدا کە چوار لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ لافاوەکان پێکهێنرا، یەکێکیان تایبەت بوو بە پڕۆژەکان، وتی “بەپێی ئەنجامی لیژنەکە بێت، ٢٥ پڕۆژە لەسەر رێڕەوەکانی ئاو دروستکراون، بەپێی خەملاندنی بڕی زیانەکانی لە رێڕەوی ئاوی سروشتی داوە، سەرووی ٦٠ ملیار دینار بڕیاری سزای پێژماردنیان دراوە، بەڵام تائێستا سزایەکەیان نەداوەو ئەو پرسە بۆ سەرۆکی حکومەت بەرز کراوەتەوە”.