چەند مریشکێک لە یەکێک لە دوکانەکانی مریشکفرۆشی دەردەکەون - وێنە: 964+
دوو هۆکاری هەیە
لە قەزای دوکان هەر کیلۆیەک مریشك نزیکەی هەزار دینارى چووەتەسەر
بەرزان عوسمان ـ دوکان
بەراورد بە چوار رۆژ لەمەوبەر نرخی کیلۆیەک مریشک نزیکەی هەزار دیناری چووەتەسەر، کەسێکی دابەشکاری مریشک دەڵێت، هۆکاری گرانیەکەی ئەوەیە، لە قەزای دوکانەوە مریشک دەبرێت بۆ شارەکانی خوارووی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە قەزای دوکان نرخی کیلۆیەک مریشک بە سێ هەزار و 200 دینار بووە، بەراورد بە چوار رۆژ لەمەوبەر هەر کیلۆیەک 900 دیناری چووەتەسەر.
کاروان ساڵح، کاری دابەشکاریی مریشک دەکات بە 964ـی وت، دوو هۆکار وایکردووە مریشک گران بێت، لەماوەی رابردوو بەهۆی نەخۆشیەوە مریشکێکی زۆر لە کێڵگەکانی پەلەوەری لە قەزای دوکان مردار بوونەتەوە، ئێستا ژمارەی مریشک لە قەزاکە کەمبووەتەوە، هۆکارێکی دیکەی ئەوەیە، ئەو مریشکەی هەیە دەنێردرێت بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
بەوتەی ئەو دابەشکارەی مریشک، “لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا چەندین بارهەڵگر بەشی هەرە زۆری مریشکی قەزاکەیان ناردووە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق”.
بەگوێرەی سۆراغی 964 لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا، ئەوانەی کاری دابەشکاری مریشک دەکەن، لە کێڵگەکانی پەلەوەر یەک کیلۆ مریشکیان بە دوو هەزار و 100 دینار کڕیوە کاتێکیش خۆیان فرۆشتوویانە بە دوکانەکانی مریشکفرۆشی 150 دیناریان خستووەتەسەر.
رەوەز فەتاح مریشکفرۆش لە قەزای دوکان بۆ 964 وتی، “رۆژانی دیکە زیاتر لە 40 مریشکم دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بەهۆی گرانی نرخەکەیی و نەبونی موچە هاوڵاتیان کەمتر مریشک دەکڕن”.
بە گوێرەی زانیارییەکانی 964 لە قەزای دوکان نزیکەی 60 کێڵگەی پەلەوەری بۆ بەرهەمهێنانی مریشک هەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی