مریشکى بەستوو دەردەکەوێت، وێنەکە هی رووداوەکە نییە، گرێدراوی بابەتەکەیە.
بڕیار بوو بەسەر خەڵکدا دابەشبکرێت
133 تۆن مریشکی بەشەخۆراک دزرا
964+
میدیا گۆران
لە رووداوێکی سەیر و سەمەرەدا لە کوبا، 133 تۆن مریشکی بەستوو دزرا کە ئامادەکرابوو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکرێت.
دەسەڵاتدارانی کوبا، 30 کەس تۆمەتبار دەکەن بە دزینی 133 تۆن مریشکی بەستوو لە هاڤانای پایتەخت، کە بڕیاربوو ئەم بڕە مریشکە کە دەکاتە نزیکەی هەزار و 660 سندوق وەکو بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتییانی دوورگەکانی کوبا دابەشبکرێت.
ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بڵاوى کردووەتەوە، مریشکە دزراوەکان لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێن.
بە قسەی دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتەش، ئەم دزانە بە پارەی مریشەکە دزراوەکان چەندین بەفرگر و کۆمپیوتەر و تەلەفیزیۆنیان کڕیووە بۆ ئەوەی بەڵگەیان لەسەر نەبێت.
دەسەڵاتدارانى کوبا، لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵ ئەم گروپە دەستپێکردووە، وەک دەڵێن، ئەگەر تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ ببێتەوە، بەپێى یاسا کارپێکراوەکانى وڵات بە 20 ساڵ زیندانى، سزا دەدرێن.
لە کوبا نزیکەی 60 ساڵە لەدوای هاتنە دەسەڵاتی فیدڵ کاسترۆ، سیستمی دابەشکردنی بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا پەیڕەو دەکرێت.