هانى رووسیا دەدات داگیریان بکات

لێدوانێکى ترەمپ ترس دەخاتە ناو وڵاتانى ئەندامى ناتۆ

964+

وریا فەتاح

لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەبارەت بە هاوبەش و هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی لە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، جارێکی دیکە گومان و ترسی وڵاتانی ئەوروپای لە بارەی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، دروستکرد.

لەکاتێکدا کۆشکی سپی ئەو لێدوانانەی ترەمپان رەتکردەوە کە هانی رووسیایان دەدا بۆ داگیرکردنی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و بە ترسناک و بێ بنەما وەسفیان کرد، هەربۆیە ئەندرو بیتس، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی،”هاندانی رژێمە بکوژەکان بۆ داگیرکردنی نزیکترین هاوپەیمانەکانمان شتێکی ترسناک و بێمانایە”.

وتەبێژەکەى کۆشکى سپى پێى وایە، ئەو لێدوانانەى ترەمپ، ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و سەقامگیری جیهانی و ئابووری ئەمریکا لە ناوخۆدا دەخاتە مەترسییەوە.

ئەو مشتومڕە دواى ئەوەهات، لە میانەی گردبوونەوەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور، ترەمپ باسی لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ کرد و نمونەی یەکێک لە دانیشتنەکانى لەگەڵ سەرکردەى وڵاتانى ناتۆ گێڕایەوە وتى،”سەرۆکی وڵاتێکی گەورە هەستا و وتی، ئەگەر ئەو پابەندییە داراییە نەدەین کە بۆمان دیاری کراوە، ناتۆ دەمانپارێزیت ئەگەر رووسیا هێرش بکاتە سەرمان؟، ترەمپیش بە راشکاوییەوە وڵامى داوەتەوە و وتویەتى،”ئەگەر پارە نەدەیت، ئەوا من ناتپارێزم، نەک هەر ئەوە لە راستیدا هانی رووسەکان دەدەم کە هەرچییەک بیانەوێت بیکەن، چونکە تۆ تاوانباریت”.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پەیوەندى ترەمپ لەگەڵ هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ناو ناتۆ لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەمریکادا باش نەبوون و زۆر رەخنەی لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی گرت کە بەشدارییان لە بەڵێنە داراییەکانی ناتۆ نەکردووە یان کەم بووە، ئەوەش بەراورد بە وڵاتەکەی.

رەنگە وێنەیەک ترەمپ بکاتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا

رەنگە وێنەیەک ترەمپ بکاتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا