رەنگە وێنەیەک ترەمپ بکاتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا
964+
ژووری هەوال
ئەم وێنەیە چووە مێژووەوە، ئەمە تاکە وێنەی سەرۆکێکی ئەمریکایە کە لەکاتی دەستگیرکردنیدا وێنەی گیرابێت، وێنەیەک کە رەنگە ترەمپ جارێکیتر بکاتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.
زیندانیکراوی ژمارە Po1135809
ناوچاوی هێناوەتە یەک و مۆن و توڕەیە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ ماوەی 20 خولەک لە بەندیخانەیەکی ویلایەتی جۆرجیا دەستگیرکرا بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە کاتی هەڵبژاردن و دەستتێکەڵکردن، دوای ئەوەش بە کەفالەتی 200 هەزار دۆلار ئازادکرا.
لە تۆمارەکەی ترەمپ نووسراوە، سپی پێستە، چاوی شینە و پرچی زەردە، باڵای 190 سانتیمەترە و کێشی 97 کیلۆگرامە، بەم پێیەش نزیکەی 13 کیلۆگرام کێشی دابەزیوە، لەو کاتەوەی کۆشکی سپی جێهێشتووە.
چاوەڕوان دەکرا ئەم رووداوە گورز لە ترەمپ بوەشێنێت، بەڵام داتاکان شتێکی دیکە دەسەلمێنن.
بەڕێوەبەرانی کەمپەینی هەڵبژاردنی ترەمپ بۆ هەڵبژاردەنی داهاتووی ئەمریکا تیشێرتێکیان دروست کردووە لەسەر نووسراوە (من پشتیوانی ترەمپ دەکەم)، هەر دانەیەکی بە 47 دۆلارە و پارەکەشی بۆ کەمپەینی داهاتووی کاندیدی کۆمارییەکانە، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ترەمپ بەهۆی تیشێرتەکەوە چوار ملیۆن دۆلار بۆ کەمپەینەکە کۆکراوەتەوە.
مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵێت گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێت، ئەمە رێک بۆ کوڕەکەی ترەمپی ملیاردێر راستە، لە بەردی رەق پارە پەیدا دەکات.
دۆناڵدی کوڕ وێنەی باوکە گیراوەکەی لەسەر کوپ و تیشێرت چاپکردووە و لە ستۆرێکی ئۆنلاین دەیفرۆشێت، کوپەکە بە 16 دۆلار و تیشێرتەکە 30 دۆلار.
کەمپەینەکەی ترەمپ بەوەوە ناوەستن، ئێستا بڕیارێک هەیە کە ئەم وێنەیە بکەنە وێنەی پۆستەری سەرەکی کەمپەینی سەرۆکایەتی ئەمریکا، وەک هێمایەک بۆ ئەوەی چەوسێندراوەتەوە، دەیانەوێت بە هۆیەوە هەست و سۆزی خەڵک رابکێشن و بردنەوەی بۆ مسۆگەر بکەن.