لاوازى یاسا ژماره‌ى سواڵكه‌رانى له‌هه‌رێم زیاد كردووه‌

+964

به‌هره‌ محه‌مه‌د ئه‌مین – هه‌ولێر

تادێ ژماره‌ى سواڵكه‌ره‌كان له‌ هه‌رێم له‌ زیادبووندان و ده‌ستگیركردنیشیان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵیت، هه‌رێمى کوردستان ژینگەیەکی لەبارە و یاسای سزادانیش زۆر لاوازە، بۆیە سواڵکردن لە تەشەنەدایە.

به‌پێی ئاماره‌كانى پۆلیسى هه‌رێم، ته‌نها لە ساڵی رابردوودا، هەزارو 165 سواڵکەر له‌ شاره‌كانى هه‌رێم و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان ده‌ستگیركراون.

مقدم هۆگر عزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە 964+ رایگەیاند: یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە سواڵکردن، زۆر لاوازە و توانای کۆنترۆڵکردنی دیاردەکەی نیە بۆیه‌ له‌ زیادبوون و ته‌شه‌نه‌سه‌ندن دایه‌.

به‌قسه‌ى ناوبراو، ئاماری سواڵکەرە دەستگیرکراوەکان دەریدەخات پۆلیس و دادگا کەمتەرخەمیان نەکردوە و یاسایان بە تەواوی جێبەجێکردووە.

مقدم هۆگر، روونیكرده‌وه‌ هیچ سواڵکەرێک نیە لانیكه‌م جارێک، دەستگیرنەکرابێت، بەڵام ئەوپەڕی سزای زیندانیکردن لە یاساکەدا تەنیا سێ مانگە.

+964 ده‌زانێت، بە پێی مادەکانی 390، 391 لە یاسای سزادانی عێراقی، سواڵکردن تاوانە، سزاکەشی بەندکردنە بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە سێ مانگ، یان پێبژاردنە بە بڕی 450 هەزار دینار.

مقدم هۆگر وتیشی “سواڵکەران روو لەو ناوچانە دەکەن کە لەباربن، بۆیە بە سەرهەڵدانی داعش و تێکچوونی دۆخی وڵاتانی هاوسنووری هەرێم، زۆرێک له‌و سواڵكه‌رانه‌ روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە”.