کارەکە بەخێر بووە بۆیان

بەدەم ناردنی بەریدەوە؛ 9 کوڕ ژنیان هێناوە و دوو کچ شوویان کردووە

فەرمان مەلاحەسەن – رانیە

کۆمپانیایەکی ناردنی بەرید “پۆستە و گەیاندن” لە رانیە بووە بەدەروازەیەک بۆ گۆڕینی ژیانی بەشێک لەو گەنجانەی لەوێ کاردەکەن، بەپێی قسەی گەنجەکان و خاوەنی کۆمپانیایەکە 11 گەنج دوای دەست بەکاربوونیان ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە.

خاوەنکار دەڵێ، “موچەی کارمەندەکانیش ئەوندە زۆرە نییە، بەڵام دیارە رسقەکەمان بە بەرەکەت بووە بۆ ژیانی ئەو گەنجانە”.

رەوا ئیبراهیم، یەکێکە لە گەنجەکان ئەو بە 964ی وت، پلانی هاوسەرگیریم هەبوو، بەڵام بەدوای کاردا دەگەڕام، دوای دەست بەکاربوونم لەم کۆمپانیایە توانیم بڕێک پارەم دەست بکەوێت و دواتر هاوسەرگیرم کرد و خانووشم کڕیوە.

کۆمپانیاکە کاری پۆستە و گەیاندن دەکەن و لقی سەرەکییان لە رانیەیە، بەڵام لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان لقیان هەیە و بەریدی رۆژانەیان نزیکەی چوار هەزار گەیاندنە.
محەمەد رەسوڵ، یەکێکی دیکەیە لە گەنجەکانە و وتی، بەنیازی هاوسەرگیریم نەبووم، بەڵام کەلێرە دەستم پێکرد هاوسەرگیریشم کرد.

سەهەند ئیبراهیم، کە خۆی شۆفێری تاکسی بووە و کۆمپانیاکەی دامەزراندووە دەڵێ، زیاتر لە 10 گەنج هاوسەرگیریان کردووە لە هەردووک رەگەز، بەشێکیان هیچ پلانیان نەبووە، خودا دەرگای لێکردوونەتەوە.

هەر ئەوەش نا، بەشێکی دیکەیان لەوێ، هاتوون کاریان کردووە ئۆتۆمبیل و خانووشیان کڕیووە، وەک سەهەند وتی، کۆمپانیاکەی سەربەخێر بووە بۆیان و توانیوویانە ژیانی خۆیان بگۆڕ و خۆشی هاوکاری بەشێکیان بووە.

پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا