رۆژی شەممە

پەرلەمانی عێراق لەسەر هێرشەکانی ئەمریکا کۆدەبێتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

پەرلەمانی عێراق، بڕیاری وایە رۆژی شەممە 10.2.2024، کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامبدات بۆ  گفتوگۆکردن لەبارەی ‌ئەو هێرشانەی لەسەر خاکەکەی ئەنجامدراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8.2.2024، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە 6ـی وەرزی یاسادانانی یەکەمی، ساڵی سێیەمی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە و لە بەرنامەی کار تەنیا یەک خاڵی تێدایە، کە دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە “گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر سەروەری عێراق”.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی تایبەتکراوی پەرلەمانە لەم ساڵدا، دەربارەی سەروەری خاکەکەی ئەنجامی بدات، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 5:00ی ئێوارە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەکرێت و داوای بەشداری لە سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کراوە.

شەوی 7.2.2024، و کاتژمێر 9:30 خولەک، لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێک، دەرکەوت دوو سەرکردەی باڵای کەتائیبی حزبوڵا لەناو ئۆتۆمبێلەکە هەن و کوژراون، دواتر ئەمریکا بەرپرسیارتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

هەروەها رۆژی 3.2.2024 ئەمریکا هێرشی ئاسمانی لە عێراق و سوریا كرده‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ ئێران و فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران.

+964صورة من منصة (شبكة):