شارەوانیی سلێمانی - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
سزای بەدواوەیە
قیری بەردەم ماڵ یان دوکانەکەت بێ پرسی شارەوانی نەبڕیت
964+
پێشەوا محەمەد
ئەگەر کێشەیەکت بۆ دروست بوو و پێویست بوو قیری بەردەم ماڵ یان دوکانەکەت ببڕیت، دەبێت شارەوانیی سلێمانی ئاگادار بکەیت، ئەگەر وانەکەیت سزا دەدرێیت.
لەناو بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سلێمانی لیژنەیەک هەیە بەناوی لیژنەی بڕینی قیر و کۆنکرێت، ئەوان رێنمایی دەدەن بەو هاوڵاتیانەی بەهۆی پێویستییەکەوە قیر یان کۆنکرێتی بەردەم ماڵ یان دوکانەکانیان دەبڕن.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بۆ 964ـی روونکردەوە، هاوڵاتی دەتوانێت بچێتە شارەوانی و ئەو لیژنەیە کەشفی شوێنەکەی بۆ دەکەن و بارمتەیەکی مادی لێوەردەگرن و دوای ئەوەی هاوڵاتییەکە شوێنەکەی چاک کردەوە و لیژنەکە لێی رازی بوو بارمتەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
وتیشی، “قیر و کۆنکرێتی بەردەم ماڵ و دوکانەکان موڵکی گشتییە و هی شارەوانییە، بۆیە رێگەپێدراو نییە کەس بیشکێنێت بەبێ ئاگادارکردنی شارەوانی، چونکە ئەگەری هەیە بۆریی ئاوی سەرپێچی رابکێشرێت، یان بۆرییەکانی دیکە گەورە بکرێن”.
شاری سلێمانی نزیکەی 200 گەڕەکە و بەردەوامیش لە زیادبووندایە.
“ئەگەر کەسێک بەبێ پرسی شارەوانی ئەو قیر یان کۆنکرێتە بشکێنێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەبێت بە هەمان کوالێتی پیشتریش ئەو شوێنەی بڕیویەتی چاکی بکاتەوە”، وتەبێژەکەی شارەوانیی سلێمانی وای وت.