چەند مامۆستایەکی ناڕازی لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانیدا - وێنە: 964
%90ـی مامۆستایان بایکۆتیان شکاندووە
“تا دێت فشارەکان لەسەر مامۆستایان زیاد دەبێت”
پێشەوا محەمەد
تا دێت فشارەکانی سەر مامۆستایان بۆ شکاندنی بایکۆت زیاتر دەبێت، ئەوە قسەی سەرچاوەیەکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانە بۆ 964 و دەشڵێت، “چیتر بایکۆت ئامانج ناپێکێت”.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە 964ـی راگەیاند، غیابدان و گواستنەوەی مامۆستایان بە چڕی بەردەوامە، “هەرچەند ئێمە وەک یەکێتیی مامۆستایان دژی ئەو کارەین و پێمان باش بوو وەزارەت چەند داواکارییەکی مامۆستایانی جێبەجێ بکردایە و خۆیان دەچوونەوە هۆڵەکانی خوێندن نەک هەڕەشە و سزادان”.
بەپێی زانیارییەکانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لەناو شاری سلێمانی 99٪ـی قوتابخانەکان کراونەتەوە و 90%ـی مامۆستایانیش بایکۆتیان شکاندووە، بەڵام هێشتا لە شارەزوور و سەیدسادق و هەڵەبجە خوێندن دەستی پێنەکردووەتەوە و لە رانییەش 50%ـی قوتابخانەکان کراونەتەوە.
“بەداخەوە حکومەتی هەرێم بێباک بوو بەرامبەر مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە، لە ئێستاشدا ئەو بایکۆتەی ماوە کاریگەری دروست ناکات چونکە زۆرینە بایکۆتیان شکاندووە و خوێندن دەستی پێ کردووەتەوە”، سەرچاوەکەی 964 وای وت.