بۆ ئەوانەی بیری بۆنی خۆڵی دوای بارانیان کردبوو
هەینی باران دەبارێت
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
چاوەڕێدەکرێت ئەم هەینیەی هاتەوە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان باران ببارێت، ئەوە یەکەم بارانی ئەمساڵ دەبێت کە پەڵەدانیشی بە ناوچاوەوەیە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، “رۆژانی داهاتوو گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا دەبێت”.
وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، دوو نزمەپەستانی دەریای ناوەڕاست و نیمچەدوورگەی عەرەبی کاریگەرییان لەسەر ئاووهەوای هەرێم دەبێت، هەروەها دەبنە هۆی بارانبارین لە ئێوارەی هەینی و بەرەبەیانی رۆژی شەممەی داهاتوو.
بەگوێرەی گەڕانی میدیازان بۆ ناوەندەکانی کەشناسی لە جیهان، هەر لە رۆژی پێنجشەممەوە، ئاسمانی هەرێم بە گشتی بۆ نیمچەهەور و هەندێک ناوچەش بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت.
لەو پێشبینیانەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویکردووەتەوە هاتووە، کە بارانبارین لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک زیاتر دەبێت وەک لە سلێمانی و هەڵەبجە.
ئەو کەشوهەوایە تاوەکو رۆژی دووشەممە بە فێنکی و بە بارانی پچڕپچڕ دەمێنێتەوە و سەرەتایەکیش دەبێت بۆ پەڵەدان و دەستکردن بە چاندن لەلایەن جوتیارانەوە.