هۆکار چییە؟
دانیشتوانی ناحیەی خدران کێشەى رێگاوبان و ئاوەڕۆیان هەیە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
گەڕەکە تازەکانی ناحیەی خدران کێشەی ئاوەڕۆ و ریگاوبانیان هەیە، دانیشتوانەکەی داوای ئەو خزمەتگوزرایانە دەکەن و شارەوانیش دەڵێت، وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر نەداوە.
دروست کردنی خانووی نوێ تا ئێستا دوو گەڕەکی تازەی بۆ ناحیەی خدران زیاد کردووە و نزیکەی 120 ماڵی تێدایە.
یوسف ئەحمەد دانیشتویەکی ناحیەکە بە 964ـی وت،”خراپی رێگاو بانەکانى ناحیەکەمان بە گشتی و نەبوونی ئاوەڕۆ لە کۆڵانەکانیشمان بوونەتە گرفت بۆمان، لە زستادا بە دەست قوڕ و چڵپاو و هاوینیش بە دەست تەپ و تۆزەوە گرفتارین.
ئومێد حەسەن سەرۆکی شارەوانی خدران بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: هەوڵمان داوە گرفتی رێگاوبان و ئاوەڕۆی کۆڵانەکانی ناو ناحیەکە چارەسەر بکەین و دەرخستەمان بۆ سەرووی خۆمان بەرزکردووەتەوە و بڕی زیاتر لە 200 ملیۆن دینارى پێویستە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە رەزامەندی لەسەر داواکاریەکانمان لەلایەن وەزارەتی دارایەوە نەدراوە.
ناحیەی خدران سەربە قەزای دوکانە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە سێ هەزار و 500 کەس و 11%ـی قەزای دوکان پێکدەهێنێت.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەد ئەمین