چەند مامۆستایەکی ناڕازی لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانیدا - وێنە: 964
لە سلێمانی
مامۆستایانی ناڕازی: سێ هەزار مامۆستا سزا دراون
964+
پێشەوا محەمەد
مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی دەڵێن سێ هەزاریان لێ سزادراون، بەڵام دەڵێن بەردەوام دەبن لە بایکۆت و سزاکان نایانباتەوە هۆڵەکانی خوێندن.
سزادانەکان دوای هۆشداری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی هات بۆ سەرجەم پەروەردەکانی، کە غیاباتی ئەو مامۆستایانە بنووسن ناچنەوە دەوام.
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، سێ هەزار مامۆستایان سزا دراون و پەروەردەی سلێمانیش لەسەر جێبەجێکردنی سزاکان بەردەوامە.
وتیشی، “مامۆستا هەیە کە چووەتەوە قوتابخانە پێیان وتووە گوازراوەتەوە بێ پرسی خۆی، هەیان موچەی بڕاوە و ئەوە غیابدانیش بەردەوام نووسراوە”.
دوای چوار مانگ لە دەستپێکردنی دەوامی ساڵی نوێی خوێندن، دەرگای قوتابخانەکانی سلێمانی کرانەوە، بەڵام هێشتا سەرجەم مامۆستایان نەچوونەتەوە قوتابخانەکان و بەشێک لە وانەکان ناخوێندرێن و مامۆستایانی ناڕازیش بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان.
“ئەو سزایانە لێدانە لە شکۆی خوێندن و پەروەردە لە کوردستان و ئێمە سارد ناکەنەوە لە بایکۆت و خۆپیشاندان، وا باشترە حکومەت و وەزارەتی پەروەردە لە جیاتی سزا بیر لە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی مامۆستایان بکاتەوە”، ئەوەش قسەی عادل حەسەنە.