چیتر زەوی بە خێزانەکان نادرێت

لەمەودوا کڕین و فرۆشتنی زەویی گۆڕستان قەدەغەیە

میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر

بەهۆی ئاشکرابوونی کڕین و فرۆشتن بەزەوییەکانەوە، شارەوانیی هەولێر چیتر زەوی بە خێزانەکان نادات بە مەبەستی ناشتنی مردووەکانیان، بەڵکوو لە کاتی مردنی هەر کەسێکدا نۆ مەتر زەوی بۆ ناشتنی دابین دەکرێت.

پێشتر هەر خێزانێک لە شاری هەولێر دەیتوانی داوای زەوییەک بکات لە گۆڕستانەکان تا بۆ ناشتنی مردووی خێزانەکەی دابینی بکات و شارەوانیش بە پێی قەبارەی خێزانەکە ٥٠ بۆ ٦٠ مەتری پێ دەدان، بەڵام ئەو زەوییانە ساڵانێک بازرگانییان پێوە دەکرێت.

یەکێک لەو کەسانەی کڕین و فرۆشتنی بە زەویی گۆڕستانەکانی هەولێرەوە دەکات و نەیویست ناوی بهێندرێت، بە میدیازانی ڕاگەیاند: ساڵانێکی زۆرە کڕین و فرۆشتن بەو زەوییانەوە دەکرێت، کە شارەوانی دەیدا بە خێزانەکان بۆ ناشتنی مردووەکانیان، نرخەکانیشیان لە ٥ هەزار دۆلارەوە تا ١٥ هەزار دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

لە شاری هەولێر ١٨ گۆڕستان بوونی هەیە و ئەو کڕین و فرۆشتنەش کە کراوە پەیوەندیی بە دووری و نزیکیی گۆڕستانەکانەوە هەبووە، هەندێک خێزان ویستوویانە شوێنی مردووەکانیان لە گۆڕستانە نزیکەکانی نزیک شار و گەڕەکەکانی خۆیان بێت.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە شارەوانیی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند: پێدانی زەوی وەک پێشتر نەماوە بۆ ناشتنی مردوو، ئێستا شارەوانی لەگەڵ هەر مردوویەک نۆ مەتر زەوی بێ بەرامبەر دابین دەکات.

“پێدانی زەوی وەک پێشتر نەماوە بۆ ناشتنی مردوو، ئێستا شارەوانی لەگەڵ هەر مردوویەک نۆ مەتر زەوی بێ بەرامبەر دابین دەکات”

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە شارەوانیی هەولێر

وتیشی: “لە لایەن خەڵکانی دەوڵەمەندەوە زەوییەکی زۆری گۆڕستانەکان قۆرخ کرابوون و کەمدەرامەتەکان نەیاندەتوانی مردووەکانیان لە گۆڕستانە نزیکەکان بنێژن.”