قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان- وێنە: 964+
لە دەربەندیخان
دەستدرێژی بۆسەر زەویی گوندەکان کێشەی لێکەوتووەتەوە
964+
ژووری هەواڵ
دەستدرێژی بۆسەر بەشێک لە زەویی گوندەکانی سنووری قەزای دەربەندیخان و زەوی زیادەڕۆ کێشەی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە، قایمقامیەت دەڵێت، هەندێک کەس بەبێ هەبوونی مۆڵەت کرێکار و شۆفڵ و حەفارە دەبەن و زەوی جیا دەکەنەوە بۆ خۆیان.
ئەمڕۆ دووشەممە 5.2.2024، سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، کۆمەڵێک خەڵک پەیدا بوون شۆفڵ و گەڵابە دەبەنە گوندەکان و بەبێ مۆڵەت زەوی جیا دەکەنەوە، ئەمە چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی لە سنووری قەزاکەدا لێکەوتووەتەوە.
“هەر کەسێک کە خاوەنی زەوییە لە گوندەکان، بەڵێننامەی هەیە، دەبێت بێتە قایمقامیەت و ئێمە کەشفی بۆ دەکەین، هەندێک جار زەوییەکە هی برای یان باوکی یان کوڕی ئەو کەسەیە کە دێتە قایمقامیەت، ئەگەر وا دەرنەچوو ئێمە مۆڵەتی پێدەدەین”، قایمقامی دەربەندیخان وا دەڵێت.
بەهۆی سەرهەڵدانی ئەو کێشەیە، قایمقامیەتی دەربەندیخان ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سەرجەم وەستا، کرێکار، نەجاڕەکان، شۆفێر، خاوەن شۆفڵ و حەفارەکان بەبێ مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار کار بۆ هیچ هاوڵاتیەک نەکەن کە زەوییەکەی زیادەڕۆیە بەپێچەوانەوە روبەڕووی رێکاری یاسایی تووند دەبنەوە.