بە پێنج هەزار ناونیشان زانکۆی هەڵەبجە دەیەوێت خوێنداکاران بە کتێب ئاشت بکاتەوە
+964
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
بە پێنج هەزار ناونیشان، پێشانگای کتێب لە زانکۆی هەڵەبجە کرایەوە کە حەوت دەزگای پەخش و وەشان تێیدا بەشدارن.
بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵیش، زانکۆی هەڵەبجە وەک نەریتێکی ساڵانە پێشانگایەکی کتێبی بۆ خوێندکارانی کردەوە.
ئەو نەریتەی زانکۆیەکە لە ساڵی 2013ـەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە، بۆ ئەمساڵیش حەوت دەزگای پەخش و وەشان پێنج هەزار کتێبیان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لە دوو هەزار ناونیشان خستە بەردەستی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجەو خوێنەران و رۆشنبیرانی هەڵەبجە، کە کتێبەکان لە بابەتی یاسایی، مێژوویی، ئایینی، پەروەردە، رۆمان و زانستی بوون.
بۆ ئەمساڵ هەریەکە لە دەزگای تەفسیر، کولتوور، فام، رەها، کانی، عیرفان، فێربوون و ئاستانە، بەشدارییان لە پێشانگایەکە کردووە.
شادیە حەسەن، سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بۆ +964 روونی کردەوە کە حەوت دەزگا بەشدارن لە پێشانگایەکە، زیاتر لە پێنج هەزار ناونیشان کتێبی جۆراوجۆر لە هەموو بابەتەکان هەن.
زیاتر وتی “ئەو کتێبانەی لەم پێشانگایەدا نمایشکراوە بە جۆرێکن کە خوێندکار بتوانێ بۆ پڕۆسەی زانکۆیی سوودی لێببینێت، بە خۆشحاڵیەوە داشکانیش لەنێوان 30٪ بۆ 40٪ لەسەر کتێبەکان کراوە”.
نەوزاد غریب مەحمود، سەرپەرشتیاری هەردوو دەزگای نارین و تەفسیر بە +964 وت “بە دوو هەزار ناونیشان زیاتر لە پێنج هەزار کتێبمان هێناوە بۆ بەشداری کردن لە پێشانگایەکە، دەمانەوێت لەم رێگەوە هاوڵاتییان و خوێندکاران ئاشت بکەینەوە بە خوێندنەوەی کتێب”.