نانێکی برژاو لە نانەواخانەیەک بۆ فرۆشتن دانراوە _ وێنە :964
نانی بازاڕی قەڵەوت دەکات؟
پسپۆرێک: لەنان کردندا خومرە لە بری سۆدە بەکاربهێنن
ئەحمەد مستەفا
پسپۆرێک دەڵێت، کۆدەنگی لەسەر ئەوە هەیە کە نان لە ئاردی بۆر دروستبکرێت، کە سەرجەم دانەوێڵە تەواوکراوەکانی تێدایە، ئەوە ئاردی سپییە “سفرە”، کە مادە ریشاڵ و ڤیتامینەکانی لەدەستداوە و دەبێتە مایەی قەڵەوی ورگ، هاوکات هۆشداری لەبارەی بەکارهێنانی سۆدە دەدات.
لەناو خەڵک بە گشتی، بەردەوام باس له زیانەکانی نانی بازاڕ و جۆرەکانی ئارد دەکرێت، تەنانەت گومان و ترسیشی دروستکردووە، بەڵام بە قسەی پسپۆرێکی زانستی خۆراک بێت، کاتی ئەوە هاتووە رۆژانە نانی ئاردی بۆر، لە بری نان و سەموونی ئاردی سپی بخورێت.
کامەران رەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک بە 964ی وت، نان بڕێکی زۆری کالۆری تێدا نییە، بە تەنیا نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆری کێش، بەڵام نانێک کە لە ئاردی سپی دروستکرابێت یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی قەڵەوی ورگ، هەروەها بەهۆی کەمی ماددە ریشاڵیەکان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر دەکات.
ئاردی بۆر، ئاردی گەنمەشامی، شۆڤان، ئاردی جۆ و ئاردی بادام هۆکارن بۆ ئەوەی مرۆڤ درەنگتر هەست بە برسیەتی بکات، بڕی ڕێگەپێدراوی رۆژانە لە ئارد بە شێوەیەکی گشتی بۆ هێزی مرۆڤ، بریتییە لە 178 گرام، بە نزیکەی دوو نانی بازاڕی دەکات، لە هەرێمی کوردستان نانی بازاڕ بڕی زیاتری لێ دەخورێت، کاتێک کە گەرم بێت و نانی تیری و هەورامی کەمتری لێ دەخورێت.
ئەو پسپۆرەی خۆراک باسیلەوەشکرد، بوونی رەشکەو شمڵی و تۆوەکانی تر، لە ناو نانی ئاردی بۆر سوودەکانی زیاتر دەکات، هەروەها بە کارهێنانی خومرە لە بری سۆددە بژاردەیەکی زۆر تەندروستە، وتیشی، ماددە پڕۆتینەکان ماوەیەکی زۆر زیاتری دەوێت تا هەرس دەکرێن و درەنگتر کەسەکان برسی دەبنەوە.