بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی - وێنە: پەیجی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە فەیسبووک
رۆشنبیریی سلێمانی کارەکە دەکات
ئەو فیلمانەی لە دوو ساڵی رابردوودا خەڵات کراون دیکۆمێنت دەکرێن
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی سلێمانی دەیەوێت ئەو فیلمانەی لە ساڵەکانی 2022 و 2023ـدا بەشداریی فێستیڤاڵە جیهانییەکانیان کردووە و خەڵاتیان وەرگرتووە دیکۆمێنت بکات.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا مەرجەکانی ناردنی ئەو فیلمانەی راگەیاندووە، کە بریتین لە ناوی فیلمەکە، ناوی فێستیڤاڵ و وڵاتی بەڕێوەچوونەکەی، ساڵی وەرگرتنی خەڵاتەکە ئاماژەی پێدرابێت و جۆری خەڵاتی وەرگیراو بۆ فیلمەکەش بنووسرێت.
کامەران نووری گوڵاڵە، بەرپرسی بەشی سینەما لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی بە 964ـی وت، “پڕۆژەیەکمان هەیە بەڵام هێشتا ئامادە نین بۆ راگەیاندن و ئاشکراکردنی”.
وتیشی، “ئەو دوو ساڵەمان وەرگرتووە و دەمانەوێت داتایەک وەربگرین و ئەو فیلمانەش بە دیکۆمێنت بکەین و رەنگە لە بڵاوکراوەیەکیشدا سەرجەم فیلمەکان و ناساندنیان و ناوی ئەو فێستیڤاڵ و خەڵاتەش بەشدارییان کردووە و وەریانگرتووە بڵاوبکەینەوە”.
چەند ساڵێکە پیشەسازیی فیلم لە هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووە و چەندان فیلمی سینەمایی دروستکراون، کە بەشداریی فێستیڤاڵەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیان پێکراوە و هەندێکیان خەڵاتیان وەرگرتووە.