بڕیارەکە بۆ ئەمساڵە

بازرگانان دەتوانن تا مانگی 11 ئۆتۆمبێلی 2024 هاوردە بکەن

ئەحمەد مستەفا

لە مانگی ئەیلوول “9”ی هەمووساڵێک گومرگ لە هەرێمی کوردستان، ساڵی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردە، یەک ساڵ پێش دەخات، ئێستا وەزارەتی ناوخۆی دوو مانگ وادەکەی دواخست تا ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی شەڕەوە دواکەوتوون، بگەنە خاکی هەرێم.

ئەمساڵ لە مانگی ئەیلوول وا بڕیار بوو هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی 2024 رابوەستێ و لە بەرامبەردا، رێگە بەهاوردەی مۆدێلەکانی 2025-2026 و 2027 بدرێ، بەڵام وادەکە بۆ مانگی تشرینی دووەم”11″ دواخراوە و تا ئەوکاتە دەتوانرێ مۆدێل 2024 هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێ.

وەک وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا باسی کردووە، بە گوێرەی رێنمایی ژمارە (7) ی ساڵی 2026، کە هەمواری یەکەمی رێنمایی ژمارە (14)ی ساڵی 2025 ی تایبەت بە مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو ئەمڕۆ پێنجشەممە بە واژۆی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێکەوتی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی ساڵ بۆ هاوردەکردن لە یەکی ئەیلول کراوەتە یەکی تشرینی دووەم.

هێمن میرانی بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی هۆکار و لێکەوتەکانی ئەم رێنماییە رایگەیاندووە، دوای ئەوەی بەهۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکە و کاریگەری لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی، کاسبکار و بازرگانانی بواری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل داواکارییان پێشکەشی نوسینگەی سەرۆک وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ کرد رێنماییەکە گۆڕانکاری تێدا کراوە.

گۆڕینی وادەی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ هاوردە کردن لە (یەکی ئەیلول) بۆ ( یەکی تشرینی دووەم)، دوای دیراسەکردن، هەمواری رێنمایی ژمارە (14) ی ساڵی 2025 کرا و وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمساڵ کرایەوە یەکی تشرینی دووەم. بەم جۆرە بازرگانان و کاسبکارانی بواری هاوردە کردنی ئۆتۆمبێل تا ئەو رێکەوتە دەتوانن ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن.

وەزارەتی ناوخۆ بە گوێرەی هەمواری ئەو رێنماییە، هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ ی راسپاردووە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە ئەو بازرگان و کاسبکارانی ئۆتۆمبێلیان کڕیووە و بارەکانیان لە رێگایە، کاتی زیاتریان هەبێت و توشی زیان نەبن.

دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ

دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ