کەشناسی: بەفربارین بەردەوام دەبێت
964+
هێمن بەکر – هەولێر
ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەوراویی دەبێت، نمەباران و بەفریش دەبارێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، بە قسەی کەشناسی.
بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کاتەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان هەوراویی دەبێت بە درێژایى کاتەکان لەگەڵ دروستبوونى تەم لە هەندێ ناوچە، بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان بەشێوەى نمەباران بەردەوامى دەبێت.
دەشڵێت، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، سلێمانى و هەڵەبجە ئاستى دابارینى زیاترە لەگەڵ بەفربارین لەسەر لوتکەى زۆربەى ناوچە شاخاوییەکان لە ئەنجامى هاتنى بارستە هەوایەکى سارد و شەپۆلێکى بەفربارین زۆربەى ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە تا کاتەکانى شەو درەنگ بەفربارینى پچڕ پچڕ دەبێت.
سەبارەت بە سبەینێ دووشەممەش دەڵێت، ئاسمان هەورى دەبێت و هەندێک کات بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت، سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک ئەگەرى نمەبارانى دەبێت لەگەڵ بەفربارین لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان.
هەروەها، سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە ئاستى دابارین زیاترە لە ئێوارەى رۆژى دووشەممە کاریگەرى ئەو شەپۆلە کۆتایى دێت.
هەر بەگوێرەی کەشناسی، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەمڕۆ لە گەرمیانە بە 14 پلەی سیلیزی، کەمترینیش لە حاجی ئۆمەران دەبێت بە یەک پلەی ژێر سفر.