11 بنکەی گروپە چەکداریەکانی نزیک لە ئێران بۆردوومان کران

964+

ژووری هەواڵ

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، لە بۆردوومانەکەی ئەمشەو بۆردوومانی 11 پێگەی گروپە چەکداریەکانی نزیک لە ئێران کراون و شەش چەکدار کوژراون و چواری دیکەش بریندارن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی روانگە بڵاویکردوەتەوە، بنکەی ئەو گروپانە لە ناوچەکانی حەیدەریە و شبلی و گوندەکانی ناوچەی میادین و “مەزاری عەین عەلی” بووە لە دێرەزوور.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت،  هێرشەکان بۆسەر هەردوو گروپی “فاتمییەکان و زەینەبییەکان” بووە و شەش چەکدار کوژراون.

بەڵام ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکان 10 کەس کوژراون، لەوانە سێ سەربازی سوپای سوریای تێدایە.

کەناڵی ABC NEWS لەزاری لایەنێکی فەرمی ئەمریکی گواستویەتیەوە، “ئەمریکا هێرشەکانی بۆسەر گروپە چەکدارەکان دەستپێکرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەو گروپانە بۆسەر بنکەی ئەمریکا لە ئوردن ئەنجامیاندابوو”.

رۆژی 28.1.2024 هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەی ئەلتەنەف لە باشووری ئەردەن، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 40ی دیکەش بریندار بوون، هەر زوو ئەو گروپەی ناویان لەخۆیان ناوە “مقاوەمەی ئیسلامی” هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، حزبوڵای عێراقی هێرشەکەی ئەنجامداوە.