وەڵامی حەماسیش ئەرێنی بووە

قەتەر: ئیسرائیل رازی بووە بە ئاگربەست لە غەزە

ژووری هەواڵ

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەک لەبارەی شەڕی غەزە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئیسرائیل رازیبووە بە راگەیاندنی ئاگربەست.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.2.2024، مەجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، “کۆبوونەوەکە لە پاریس بووە و سەرکەوتوو بووە، پلانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسەندکراوە و وەڵامی سەرەتایی حەماسیش ئەرێنی بووە”.

قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە ماڵپەڕی ئورشەلیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاوکراوەتەوە و دەوترێت بڕگەکانی رێککەوتنەکە ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان لە کەرتی غەزەوە بۆ ئیسرائیل لەخۆدەگرێت.

بەڵام سەرچاوەیەکی فەڵەستینی کە سەرۆکایەتی فراکسیۆنێکی ناو کەرتی غەزە دەکات بە میدیا عەرەبییەکانی وتوە “تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو بابەتە نییە و حەماسیش رەخنەیەکی بەرچاوی هەیە. بەیاننامەکەی قەتەر بەپەلە و نادروستە”.

ئەو سەرچاوەیە باس لە چەند مەرجێکی حەماس دەکات وەک “راگرتنی هەمەلایەنەی دەستدرێژی و کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی داگیرکەر لە غەزە، دابینکردنی پەناگە بۆ خەڵکی ئاوارە، ئاوەدانکردنەوەی غەزە و هەڵگرتنی گەمارۆ”.