964+
قەزاى دوکان
ئەو هاوڵاتیانەى خانووى زیادەڕەویان هەیە ئاگادار دەکرێنەوە
964+
وریا فەتاح
شارەوانى دوکان، ئاگادارى ئەو هاوڵاتیانە دەکاتەوە کە خانووى زیادەڕەویان هەیە، بەر لە تەواو بوونى کارەکانى لیژنەى باڵاى تەملیککردن سەردانیان بکەن، سەرۆکى شارەوانیش دەڵێت: ئەگەر تا 9.9.2024 سەردانمان نەکەن مافى تەملیککردنیان نامێنێت.
بەپێى نوسراوێکى شارەوانى دووکان کە واژۆى سەروەر ساڵح، سەرۆکى شارەوانى لەسەرە، تێیدا هاتووە، بەر تەواو بوونى کارەکانى لیژنەى باڵاى تەملیککردن لە بەروارى 9.9.2024، ئاگادارى ئەو هاوڵاتیانە دەکەینەوە کە خانووى زیادەڕەویان لە سنورى قەزاى دوکان هەیە، سەردانى بەشى موڵکایەتى و ژمێریارى شارەوانی بکەن.
لەبارەى نوسراوەکە، سەروەر ساڵح، سەرۆکى شارەوانى دوکان قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئاگادارییەکەمان بۆ دوو مەبەستە:
یەکەم: ئەو هاوڵاتیانەى مامەڵەکانیان تەواو بووە و پارەیان نەداوە، سەردانمان بکەن بەمەبەستى بەناوکردنی خانووەکانیان واتا تملیک کردنیان، بە پێچەوانەوە مافى تەملیککردنیان نامێنێت.
دووەم: ئەو هاوڵاتیانەى خانوى زیادەڕەویان هەیە لە سنور قەزاى دوکان بەزوترین کات بەمەبەستى تەملیککردنى خانووەکانیان داواکارى پێشکەش بکەن، بە پێچەوانەوە مافى تەملیکردنیان نامێنیت.
لە سنورى قەزاى دووکان، 500 مامەڵەى خانوو و زەوى زیادەڕۆییەکان پێشکەشکراوە و دوا وادەش 9.9.2024ـە.
بەناوکردن خانووە زیادەڕۆکان، بە یاساى ژمارە 3ى ساڵى 2019 بۆ تەملیککردنى خانووە زێدەڕۆکان و رێنمایى ژمارە 3ى ساڵى 2021، ئەنجام دەدرێت، وەک ئەوەى سەرۆکى شارەوانى دووکان روونى دەکاتەوە، تەملیککردنى خانووە زێدەڕۆکان بەمەبەستى بنبڕکردنى دیاردەى زێدەڕۆییە.
“ئەو زەوی و خانوانەى زیادەڕۆن بەناو دەکرێن، واتا هەموو ئەو زەویانەن کە خراونەتە نەخشەى شارەوانییەوە و شێوازى تەملیکردنەکەش ئەوەیە کەسەکە داواکارییەک پێشکەش دەکات”، سەرۆکى شارەوانى دوکان واى بە 964 وت.
دواى داواکارییەکە کەشفى لیژنەى لاوەکى شارەوانى سەردانى شوێنەکە دەکات و بە وتەى سەروەر ساڵح، لیژنە لاوەکییەکە راپۆرتى خۆى لەبارەى زیادەڕۆییەکە دەخاتە بەردەم لیژنەى باڵا بۆ بڕیاردان و لیژنەکەش بەپێى بڕگەکانى یاساکە بڕیار دەدات.
بەپێى یاساکە بۆ تەملیککردنى خانوو و زەوییە زیادەڕۆکان، بەپێى خەمڵاندنى نرخەکەیەتى کە 5 بۆ 15%ى نرخى زێدەڕۆییەکەى لێ وەردەگیرێت، واتا ئەگەر خانوویەک نرخەکەى 10 هەزار دۆلار بێت پێنج سەد بۆ 1500 دۆلارى لێوەردەگیرێت و پارەکەش بە دینارە دەشکێنرێتەوە.